2022-06-15 15:31:08
ماندوویت، بەو ھیوایەی بگەیت بە ئێوارەی پێنجشەممە تا پشوو بدەیت.
ئێوارەی شەممەیە و لە ئیش دێیەوە ماڵ، ھەفتەیەکی پڕ لە جەنجاڵیت بەڕێکردوە، دوای تێپەڕاندنی ئێوارە لە ناو پۆلێک لە ھاوڕێکانت خۆت دەبینیەوە کە خەریکی قسە و جگەرەکێشان و نێرگەلە کێشانیت تا درەنگانی شەو. نزیکی دوازدەی شەو بە بێزاری دەگەڕێیەوە ماڵ، دەچیتە سەر ئەنتەرنێت و لەو بڵاوکراوەیە بۆ ئەو بڵاوکراوەیە ئەڕۆیت، ھەواڵی دووبارە و بێ مانا جاڕزت دەکەن، لە کۆتایی دەچیت لە سایتێک دەگەڕێی بە دوای فیلمێکی سینەمایی کە لەو ماوە دانراوە. کاتژمێر یەکی شەوە، دەست بە سەیرکردنی فیلمێک دەکەیت و بۆ دوو سەعاتێک بە دیار فیلمەکەوە ژیانت بیر نامێنێ، ھەستت تەنھا بۆ کارەکتەرەکانی نێو فیلمەکە ھەیە و کەسی تر، بۆ مودەتێک بێزاربوون و خۆشەویستە کۆنەکەت، ھەڵەکانت، چاوەڕوانی کردنی کەسێک... ھەموو شتێک لە بیر دەکەیت، لەو ساتەدا سینەمات خۆشدەوێت چونکە ئەو شەوە تۆی لە خۆی گرتووە و نەیھێشتوە ھەست بەو بێزاریە بکەیت کە تەواوی ھەفتەکە ھەتە.
بەڵام لە کۆتایی فیلمەکە تەواو دەبێت و دووبارە ھەستەکانی تر دەگەڕێنەوە. سەعات سێی شەوە و فیلمەکە تەواو بوو، دووبارە ھەست دەکەیت بێزاریت، دەگەڕێیتەوە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان، ھیچ شتێکی نوێ نییە. چاوەڕێی نامەی کەسێک دەکەیت کە ھەرگیز قسەت لەگەڵی نەکردوە، بەڵام نامەیەکی لەو شێوەیە ھەرگیز ناێت.
کاتژمێر پێنجە و خۆر وا خەریک ھەڵدێ، تۆ تازە چاوت دەچێتە خەو. دەنگی باڵندەكان تەواو جاڕزت دەکەن، ھەست بە باشی ناکەیت، بیر لە خۆکوشتن دەکەیەوە...
سەعات سێی دوای نیوەڕۆ لە خەو ھەڵدەستی، ھەست بە بێزاریەکی زۆر دەکەیت. خۆشت نازانت ڕۆژەکەت چۆن بەڕێ دەکەیت.
شەوی ھەینییە، دەبێت زوو بخەویت تا ھەشتی بەیانی بۆ ئیش ھەستیت بەڵام سوڕی خەوت تێکچووە. چواری بەیانی دەخەویت و ھەشتی بەیانی بۆ ئیش ھەڵدەستی... بە بێزاریەکی زۆرەوە بەھۆی کەم خەویەوە ئیشەکەت بەڕێ دەکەیت، تەواوی ھەفتەکە ھەر وا ڕۆژێکی جاڕزکەر و کەمخەوی دەبێت بۆت. ماندوویت، بەو ھیوایەی بگەیت بە ئێوارەی پێنجشەممە تا پشوو بدەیت
ئێوارەیپێنج شەممەیە...
|ئامانج
127 views𓆩 𝙳 𝙴 𝚅 𝙰 𝚁 𓆪, 12:31