ئەی تەمە ژن! من واهاتووم... ئیتر چراوگی سەری خۆم بدەمە دەست شەقامێکی شەوگاری تۆ من واهاتووم کە گمەگمی تەنیاییت لە چوار چێوەی هێلانەیەک بێنمە دەرێ و ئیتر بیسپێرم بە ئاسمان، ئیتر بیسپێرم به چریی دارستان و بە گۆرانییە میللیەکانی، ناو گەڕەکی هەژارەکان. من وا هاتووم چارەنووست ئیتر، بسپێرم بە مەرگم، وەختێ مەرگم پەنجەرەیەک لە ساماڵدا بکاتەوە و لەسەر باخچەی گوڵی ڕەشت، من ئەمەوێ لەم شەڕی عەشقە نوێیەمدا... وەکوو بارانی سەر ئاگر دابکەم و ئینجا بمرم. من وا هاتووم... ڕۆحم بە پرچتا هەڵواسم بەهەردووکمان جۆلانەیەک لە شەفەق و جۆلانەیەک لە خەونەکانی ئایندە دروست بکەین، بۆ ئەو چرا و گوڵ مێخەک و پیاڵەی شەراب و کتێب و کەمانچانەی سبەی ڕۆژ ئەبنه منداڵمان. "شێرکۆ بێکەس" @sherkoofayagh 2.7K views21:54