Get Mystery Box with random crypto!

دەلاڵو.. دەلاڵو.. دەلاڵو.. هەستەوە تۆ زریانی و سواری ئەسپە شێک | مامۆستا شێرکۆ بێکەس

دەلاڵو.. دەلاڵو.. دەلاڵو.. هەستەوە
تۆ زریانی و سواری ئەسپە شێکەت بەوە
هەستەوە بە بەن سامۆتەی زینەوە
تفەنگەکەت.. قەڵەمەکەت
گوارەی سووری گوێچکەی مێژوون
هێشتا ئەلەرێنەوە
دە ... هەستەوە
دەلالۆ.. لالۆ.. لالۆ.. هەستەوە

هەموو هاتووین بەسەر سەری ئەم هەوارە نوێیەتەوە
وەک شۆرابەی برژانگ هەڵوەری پاییز
گڵمتکی ئاڵ هەڵگەڕاوی سەر مەزارەکەت ماچ ئەکەین
دەلالۆ.. دەلالۆ.. هەستەوە

بەفر بیستی.. هات لە دوو ڕا له شاخەوە
بەرەو "ژیلوان" کلوو کلوو واکەوتنە ڕێ.
گوڵان بیستیان ها لە دوو ڕا
لە هەولێر و سابڵاخەوە
لە قامیشلی و بۆتانەوە بەرەو گوڵوانی دڵەکەت
چەپک، چەپک وا کەوتنە ڕێ
دەلالۆ، دەلالۆ، لالۆ هەستەوە
سواری ئەسپە شێکەت بەوە

دە هەستەوە ئەستێران جڵەوت ئەگرن
ئارەقەی زەنگوڵ زەنگوڵی
لامل و نێو چاوت ئەسڕن.
دە لالۆ.. لالۆ.. لالۆ.. هەستەوە
هێشتا زوو بوو... زوو بوو... زوو
وادەی ئەم کۆچە کوا هەبوو؟
دە لالۆ.. لالۆ.. هەستەوە
سواری ئەسپە شێکەت بەوە

سەر بەرەوە... وا وەرەوە
هۆبە هۆیە و زایەڵەیە
ڕێبنەندان و بەفرانبارە
دە لالۆ.. لالۆ.. لالۆ.. هەستەوە
سواری ئەسپە شێکەت بەوە.

"شێرکۆ بێکەس"
@sherkoofayagh