"دیسانەوە باوکم"
مردن ئێجگار
بەو شێوەیە ترسناک و خەتەر نییە
وەکوو خەڵکی باسی ئەکەن!
من بە باوکمدا ئەزانم
شەست ساڵ لە لای مردنە
و دوێنێ کە هاتەوە ماڵێ
گۆڕانی وا نەگۆڕابوو
کە ئێمە نەیناسینەوە!
ڕاستە مردن ...
دەموچاوی هەندێ شیعری تا ڕادەیەک پیر کردبوو!
ڕاستە مردن ...
هەندێ چرچ و لۆچی تازەی خستبووە نێو قسەیەوە!
کەمێک ڕەنگی هیواکانی زەرد کردبوو!
بەڵام هەرگیز نەوەریبوون!
لەبیر ساڵ نەچووبوونەوە!
باوکم دوێنێ وەختێ گەڕایەوە ماڵێ
قەڵەم و کاغەز و گوڵ و دڵی منداڵ و باڵندە
هەموویان چوون بە پیریەوە
ئاخر ئەگەر، وەکوو ئەڵێن
مردن ئەوەندە دڕندە و خەتەر بوایە
ئەوی ئەخوارد و نەئەماو
لەبیری شێعریش ئەچۆوە!
بەڵام ئایا ئەم مردنە بۆ هەموو کەسێ هەر وایە؟!
یان بە تەنها بۆ ئەوانەی کە هەرگیز لێی نەترساون
و وەکوو باوکم
سەریان داوە بە ئازادیی
و دڵیان کردووە بە چرا
و چرایشیان داوەتە دەستی خۆشەویستی ئەم دنیایە!
هۆنراوە و خوێندنەوە || مامۆستا #شێرکۆ_بێکەس
دیزاین | #خالید_گرافیک
https://t.me/xalidgraphic
@sherkoofayagh