Get Mystery Box with random crypto!

سزای ١٨ ساڵ زیندانی بەسەر هێمن ئەحمەدزادەدا سەپا بەپێی هەواڵی | AVA TODAY

سزای ١٨ ساڵ زیندانی بەسەر هێمن ئەحمەدزادەدا سەپا

بەپێی هەواڵی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا هێمن ئەحمەدزادە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەوڵی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و هەڵگرتنی چەک" بە کۆی گشتی سزای ١٨ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای ئەوەی کە ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە، لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییەشدا بەردەوام ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی کراوە.

هێمن ئەحمەدزادە، خێزاندار و باوکی منداڵێکە و پاش کۆچی دواییی باوکی، سەرپەرشتیی بنەماڵەكەی لە ئەستۆیە.

ناوبراو پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواستراوەتەوە. ئێستاش لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباددا بەند کراوە.


٢٧٠ ڕۆژ ڕاپەڕین
ئاڤاتودەی ـ یەكشەممە، ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٢


‏@avatodaykurdi