Get Mystery Box with random crypto!

دووبارە وادەی خەرمانانە و کاتی خەرمان هەڵگرتن، خەرمانەکەیان زۆ | انجمن سبز چیا

دووبارە وادەی خەرمانانە و کاتی خەرمان هەڵگرتن، خەرمانەکەیان زۆر بە پیت و بەرەکەتە، ساڵەهای ساڵ لێی هەڵگۆزی قەت تەواو بوونی بۆ نییە، شەریف و ئومێد ئەو دوو وەرزێڕە بەخشندە و تێکۆشەرە ئەو دوو باخەوانە بە ئەمەکەی نیشتمان، شەویان بە ڕۆژە دەدووراند و ڕۆژیش بە شەو، ماندووییان ماندوو کردبوو ئەگەر تۆزێ پشوویان بدایەت سووچێ، گۆشەیەک، دارستانێک تووشی سووتان و لەناوچوون دەبوو ئاخر کێڵگەکەیان زۆر پان و بەرین بوو بە پانتایی زاگرۆس، بۆیە وچان و پشوودان لای ئەوان بێ‌مانا بوو، ئەوان بە مانای ڕاستەقینە باخەوانی وڵات بوون ژیانی خۆیان بۆ ئەو کێڵگە بەرفراوانە تەرخان کردبوو و گیانیشیان لەو ڕێگەدا بەخت کرد.
ئەڵێن "خاک مەیل‌بڕە" واتا بە ئەسپەردە کردنی ئازیزان و هەڤاڵان تۆزێ سوکنایی ڕوو ئەکاتە دڵی خزم و کەس‌وکار و پاشان بە تێپەڕینی کات هێدی‌هێدی ئەو دابڕانە ئاسایی دەبێتەوە برینەکان سارێژ دەبن و دووبارە ژیانی ئاسایی دەست پێ دەکاتەوە، بەڵام هێندی مەرگ و هێندی دابڕان وەکوو مەرگی شەهید شەریف و هاوڕێیانی زۆر جیاوازترن، تێپەڕینی کات ئەو جۆرە لێکدابڕانە ئاسایی ناکاتەوە، ئاخر ئەوان باڵایان بە قەد باڵای نیشتمان بوو، ئەوان خودی نیشتمان بوون، ئەوە ئێمەی مرۆفیش فەرامۆشمان کرد ئەی دار بە داری نیشتمان و هەموو ئاژەڵ و باڵندەکان کە ئومێدیان شەریف و یارانی بوون چۆن لە بیریان ئەکەن؟
مەرگ قەت ناتوانێ و نەیتوانی بەڕەنگاریان ببێتەوە، ئەوا هەموو ساڵێ 3ی خەرمانان شەریفانە و ڕێزدارانە، بە دڵی پڕ لە ئومێدەوە بە کۆڵەی پڕ لە خۆشەویستیەوە دێنەوە ناومان و ڕوو ئەکەنەوە ژینگەی وڵات، ژینگەش لە جموجووڵ‌دایە و خەریکی ڕێکخستنی مەراسیمی ڕێزلێنانە، بەڕوو پڕ بە کڵاوەکەی لە کانیاوی ساردی چیا، قەسوان شیلەی بنێشتی گیانی خۆی،کەو پڕ گەروویەک قاسپە، ڕووبار پڕ دۆڵێ هاژە و شاخیش خۆڕاگری ، ساڵیش مانگی خەرمانان و لاینگران و ژینگەپارێزانیش زرێبارێ سۆز و خۆشەویستی ئەکەن بە دیاری و بە شانازییەوە پێشکەشی شەهیدانی ژینگەی دەکەن.

یادیان هەرمان و ڕێگایان پڕ ڕێبوار

ئەنجومەنی پارێزەرانی چیای کۆساڵانی شاری سەوڵاوا (پاکۆ)

1400٫6٫3


@chya_ngo