Get Mystery Box with random crypto!

پەیامی شۆرای رێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان بۆ کۆبوونەوەی گشتی | انجمن سبز چیا

پەیامی شۆرای رێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان بۆ کۆبوونەوەی گشتی و هەڵبژاردنی دەستەی بەرێوەبەری نوێی ئەنجوومەنی سەوزی چیا

ئازیزان و ئەندامانی بەرێزی ئەنجوومەنی سەوزی چیا، هۆگران و چالاکانی ژینگەیی کوردستان و مەریوان، خۆمان بە بەختەوەر ئەزانین کە دوای ماوەیەک ئەنجوومەنی سەوزی چیا بڕیاری کۆبوونەوەی گشتی و هەڵبژاردنی نوێ ئەدات. لەم چەن ساڵانەدا کێشە و قەیرانی ژینگەیی بە گشتی لە ناوچەی زاگرۆس و بە تایبەت لە مەریوان (وەک سوتان و کاولکاری دارستانەکان، داگیرکاری زەوی و موڵکی گشتی، ....) مەترسی گەورەی بۆ ژینگەی ناوچەکە بەدواوە بوە و تا بێت لە گەڵ قەیرانە سروشتیەکان، کێشەی ژینگەیی قوڵتر کردوەتەوە. پێویستە هەموان لە مەڕ ئەم قەیران و کێشانە بێ دەنگ و کەمتەرخەم نەبین و بە دەنگ و کردەوە بۆ پاراستنی ژینگە تێبکۆشین.

ئێمە لەو باوڕەداین کە بە پێی عورف و یاسا، دەوڵەت و دەسەڵات بەرپرسی سەرەکی پاراستنی ژینگەیە، بەڵام وەک هەموان دەزانن بە هۆکارگەلێکی وەک؛ نەبوونی یاسایەکی بەهێز و سەردەمیانە، تەرخان نەکردنی سەرچاوە و کەرەستەی مادی پێویست بۆ پاراستنی ژینگە، هەروەها نەبوونی چاوەدێری بەهێزی سیستەمی دادوەری دەسەڵات، کێشەگەلێکی ژینگەیی روبەڕوی سەرجەم ناوچەکانی کوردستان و بەتایبەت دارستانەکانی مەریوانی بوەتەوە. ئێمە وەک چالاکانی مەدەنی و بە تایبەت ئەنجوومەنی سەوزی چیا بە کردەوە لە مەڕ بەرزکردنەوەی داواکاری گشتی پاراستنی ژینگە بۆ دەسەڵات کەم کار و کەمتەرخەم بوین، و بەداخەوە نەمانتوانیوە بە شێوەیەک نارەزایەتی و رەخنەی توند بگرین و ئەم کێشەیە روبەروی دەسەڵات بکەینەوە. هیوادارین دەستەی بەرێوەبەر بە شێوازێکی عەقڵانی و رۆحێکی بوێرانە لە مەڕ ئەم داواکارییە هەوڵ و تێکۆشانی جیدی بدات.

ئێمە بڕوامان وایە کە لە شار و گوندەکان کەسانێکی هەلپەرەست بۆ بەرژەوەندی مادی و تاکەکەسی، دارستان دەسوتێنن، کاولکاری ژینگەیی دەکەن و بە هەر شێوازێک موڵکی گشتی داگیر ئەکەن. مێژوو ئەو کەسانە وەک داگیرکەر و خائین بە خاک و ژینگە دەزانێت. دەبێ چالاکانی مەدەنی و ژینگەیی لە مەڕ ئەم داگیرکارییە هەڵوێستی روون و ئاشکرایان هەبێت و بۆ ڕوبەروو بوونەوەی هەوڵی جیدی بدەن.

ئێمە باش دەزانین کە لە چەن ساڵی رابوردودا ئەنجوومەنی سەوزی چیا و ئەندامانی بە کەمترین کەرەستە و ئیمکانات، و بەو پەڕی سەختی کارەوە هەوڵی پاراستنی ژینگە و بە تایبەت کوژاندنەوەی ئاوریان داوە و توانیویانە پێش بە سوتان و کاولکاری زیاتری ژینگە و دارستان بگرن، پێوستە لەم دەرفەتەدا سوپاس و پێزانینیان بکەین و هاوکاری چالاکی ئەم ئازیزانە بین.

ئێمە وەک شۆرای رێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان هەر دەم هاوکار و پاڵپشتی ئەنجوومەنی سەوزی چیا ئەبین و پیرۆزبایی لە دەستەی بەڕێوەبەری نوێ دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات ئەخوازین. هیوادارین ئەم هەڵبژاردنە وەک دەرفەتێک، ببێتە هۆی یەکریزی و گڕ و تینێکی زۆرتری ئەنجوومەن بۆ چالاکییە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان.

پێویستە لێرەدا لە یادی 3ی خەرمانان سێیەمین ساڵوەگەری شەهیدانی ژینگەی کوردستان رێز لە یاد و گیان بەخت کردنی هاورێیان کاک شەریف و کاک ئومێد و سەرجەم شەهیدانی خەرمانانی کوردستان بگرین و سەری رێز بۆ رۆحی بەرزیان دانەوێنین. ئەندێشە و رێبازیان هەردەم سەوز و زیندوو.

شۆرای رێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان
10 ی خەرمانانی 1400 ی هەتاوی

@chya_ngo