Get Mystery Box with random crypto!

‍ هەنگاو لە جێی هەنگاو سەرکەوتنی زۆرتر لە ۳٥۰ کەس لە شاخەوانا | انجمن سبز چیا

‍ هەنگاو لە جێی هەنگاو

سەرکەوتنی زۆرتر لە ۳٥۰ کەس لە شاخەوانان و ژینگەپارێزان بۆ سەر شاخی ئاوییەر.

رۆژی هەینی رێکەوتی ۱۷ی بەفرانبار بە بەشداری زۆرتر لە ۳٥۰ کەس لە شاخەوانان و ژینگەپارێزانی شارەکانی سنە و مەریوان لە چالاکیێکی هاوبەشدا توانیان سەرکەون بۆ شاخی ئاوییەر.

شاخەوانان و ژینگەپارێزانی بەشداربوو لەم چالاکییە پاش سەرکەوتن بەسەر شاخی ئاوییەردا بە بڵاو کردنەوەی دروشمی ژینگەپارێزی هەوڵیان دا گرنگی پاراستنی ژینگە جارێکیتر وەبیر بێننەوە وخەڵک لە مەترسییەکانی سەر ژینگە ئاگادار بکەنەوە.

دروشمگەلێکی وەک "پاراستنی ژینگە، پاراستنی ژیانە"، "شاری سنە بە ئاوییەرەوە جوانە" و "ئەنفالی دارستانەکان بوەستێنن" لەم چالاکییەدا بەرچاو دەکەوت.

پاش سەرکەوتن و گەڕانەوە لە شاخی ئاوییەر گردبوونەوەیەکی دۆستانە لە "خەیرەزنە" بەڕێوەچوو کە لەو گردبوونەوەدا بەشێک لە کەسایەتیە وەرزشی و ژینگەییەکانی شاری سنە بەشدار بوون.

دکتۆر "بیژەنی زوڵفەقارنەسەب" راهێنەری ناسراوی یاری فووتباڵ بە باسکردنێک لەسەر گرنگی ژینگە کۆڕەکەی رازاندەوە، پاشان هاوڕێ "سمکۆ عەزیمی" ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیا بە باسێک لە سەر پەیوەندی شاخەوانی و ژینگەپارێزی و هەروەها هەستیاربوونی هەنووکەی دۆخی ژینگەی ناوچەکە و بەتاییبەت کوردستان، قەیرانە ژینگەییەکانی خستە بەر باس.

لە کۆتاییدا کۆڕەکە بە خوێندنەوەی شێعرێک لە لایەن یەکێک لە بەشداربوانەوە کۆتایی پێ هات.

گرووپی شاخەوانی ئەنجومەنی سەوزی چیا دەسخۆشی لە کۆی شاخەوانان و ژینگەپارێزانی سنە دەکات و هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی چالاکییە ژینگەیی و وەرزشییەکان لەگەل هەموو ژینگەپارێز و وەرزشواناندا رادەگەیێنێ.

گرووپی شاخەوانی ئەنجومەنی سەوزی چیا

@chya_ngo