Get Mystery Box with random crypto!

✓ #_زاری (1905 - 1982) لە سەفحەی نامە بینێ دێ نەویدی وەسڵی جا | شیعر و هۆنراوە



#_زاری (1905 - 1982)

لە سەفحەی نامە بینێ دێ نەویدی وەسڵی جانانە
لە نووکی خامە خوێن ئەڕژێ نیشانەی قوربی قوربانە

دڵم موژدەی ئەدامێ بۆ ئەوەی قوربانی قەددی بم
سیابەختێ وتی نابێت کە ئەم قوربانە نوقسانە

لە سەیری ڕوویدا دڵ کەوتە بەر تیری موژەی بۆیە
لە هەر جێگەی کە تێ فکری برینە و جێگەپەیکانە

لە وەسفی تاقی ئەبرۆیا دڵم سەرسامە نازانی
کەمانە یا هیلالی جێژنە یا مێحرابی پاکانە

وەرە بڕوانە ڕوخساری، بزانە چۆنە من شێتم
ئەسێرەی سوبحە یا بەدرە وە یا خورشیدی تابانە

کەلامی دڵبەری یاڕەب بە چی تەشبیهـ لایق بێ
ڕەحیقە یا شەرابی کەوسەرە یا ئاوی حەیوانە

نەمامی قامەتی سەروی حەدیقەی شاهـ و شەهبازی
بەڵێ ئەم داری تووبایە و بیارە باغی ڕزوانە

ئەگەر «زاری» بڵێ وەک خزرە پێت وا بێ درۆ ناکا
لەبەر چی؟ چونکە سەردەستەی گوڵی گوڵزاری عوسمانە



|
@Kurdish_Poetry