هەڵسەنگاندنی کتێبی "سەدەیێک خەبات لە پێناوی زمانی کوردیدا: تیۆری، سیاسەت و ئیدەئۆلۆژی" نووسینی دوکتۆر ئەمیر حەسەنپوور
#فەرشاد_سەلیمی
"سەدەیێک خەبات لە پێناوی زمانی کوردیدا..." کتێبێکی ٢٥٥ لاپەڕەییە، کە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە چوار بەش لە خۆ دەگرێت. چوار بەش کە لە ڕوانینی یەکەم دا و بە پێی سەردێڕ و کاتی نووسین بابەتی لێک دابڕاو دێنە بەرچاو و تەنیا دوای ئاوڕدانەوە و پیاچوونەوەی بابەتیانە هێڵی پەیوەندی و پێکەوە بەستراوەییان دەردەخەن.
بەشێ یەکەم بە ناوی: "سەرەتا: زمانی کوردی وەک گۆڕەپانی خەباتی سیاسی و ئیدەئۆلۆژی" تیشک دەخاتە سەر چارەنووسی زمانی کوردی لە پانتایی گۆڕانکارییەکانی مێژووی سیاسی کورد لە سەدە ڕابردوودا.
نووسەر لەم بەشەدا تێکڕای هەڵسەنگاندنی ئەو فەزا مێژووییە سیاسی و ئایدۆلۆژیکیە کە بە سەر بەشەکانی کوردستاندا زاڵ بووە، شێوازی کاردانەوە و کرداری ڕۆشنبیران و نووسەران و تێکۆشەرانی بواری زمان و وێژەی کوردیش دەخاتە بەر باس.
بەشی دووهەم، واتا "پێشەکی: تەقەللا بێسوودەکانی دوێنێ و ئەوڕۆ" کە بریتیە لەو پێشەکییە بە چاپ نەگەیشتووەی نووسەر کە پێشتر بۆ کتێبی "گوتوبێژێکی دەگمەنی #تۆفیق_وەهبی و خوێندنەوەیێکی ڕەخنەگرانە" نووسرابوو، کۆمەڵێک بابەت لە خۆ دەگرێت کە گرنگترینیان بریتین لە: دۆخی هەنووکەیی زمانی کوردی و بابەتە جۆراوجۆرەکانی، باسێک لە سەر لێکۆڵینەوەکانی نووسەرە لەمەر ستانداردکردنی زمانی کوردی، هەوڵ و تەقەلا پێشەنگەکانی مێژووی خەباتی زمانی کوردی لە باشووردا.
بەشی سێهەمی کتێبەکەش لە ژێر ناوی: "وتووێژێک لە گەڵ تۆفیق وەهبی، لەندەن، ٢٨ی تەمموزی ١٩٧٦" بریتیە لەکۆی ئەو وتوویژەی #تۆفیق_وەهبی لە سەر باروودۆخی زمانی کوردی لە دەوڵەتی تازە دامەزراوی عێراق و تێکۆشانەکانی خۆی لە پێناو ستانداردکردن و گەشەی زمانی کوردی، کە بە گشتی کۆمەڵیک چالاکیی زانستی و زمانەوانی و سیاسی لە خۆ دەگرێت.