Get Mystery Box with random crypto!

یادی لە دایکبوونی شاعیری گەورەی نیشتمان شێرکۆ بێکەس پیرۆز بێت | Kurdish Book House

یادی لە دایکبوونی شاعیری گەورەی نیشتمان شێرکۆ بێکەس پیرۆز بێت

ئێستا ژیان نیشتیمانمە

#بەختیار_عەلی

کورتکردنەوەو وەسفکردنی شێرکۆ لەکارە سەختەکانە. من رستەیەک شکنابەم لەوەسفیدا باسیبکەم، دێڕێکی کنۆت هامبسون نەبێت کە دەڵێت «بلیمەت چەخماخەیەکە، گرمەکەی سەدان ساڵ دەنگدەداتەوە». ڕاستە ئەمڕۆ چیتر روناکی ئەو چەخماخەیە نابینین، بەڵام بەدڵنیاییەوە گرمەی تا سەدان ساڵی ترو ڕەنگە تا دوا کورد لەسەر ئەم ئەستێرەیە بەردەوام بێت.

هەموو شتێک لەشیعری شێرکۆدا دەژی‌و وەک مرۆڤ دەنوێنێت. نیشتیمانی شێرکۆ، نیشتیمان نییە بەمانا ناسیونالیستییە تەسکەکەی، بەڵکو هەموو ئەو شوێن‌و سنوورانەیە کە هێزی ژیان دەستی دەگاتێ. لەشیعری ئەودا بەردەکان، چیاکان، باڵندەکان پێکڕا وەک ئێمە زیندوون، وەک ئێمە هاواردەکەن، دەترسن‌و دەژین‌و بۆ مانا دەگەڕێن.

شێرکۆ لەسیاسەتیشدا نوێنەری هاواری ژیانە، نەوەک هاواری ئایدۆلۆژیایەک یان بەرەیەک. ئەو شاعیری ڕووداوە گەورەکان‌و شتە بچوکەکانیش بوو، هیچ کات لەزمانی شیعر بەولاوە زمانێکی تری نەبوو، شیعری ئەو بریتییە لەسەفەرێکی بێوچان‌و قووڵ‌و پڕ لەسەرسامی بەناو شتەکان‌و پەیوەندییە نهێنییەکانیاندا. یەکێک بوو لەو شاعیرە کەمانەی مێژوو کە دەتوانن هەموو شتێک بکەن بەشیعر... لەهەر شت سەختترو گرنگتر بۆ من، هێزی شێرکۆ بوو لەسەر گۆڕینی سیاسەت بۆ شیعر. سیاسەت لای شێرکۆ بەشێک بوو لەدونیابینییە شیعرییەکەی، هیچ کات بەچاوی سیاسی سەیری شیعری نەدەکرد، بەڵکو هەمیشە بەچاوی شاعیر سەیری سیاسەتی دەکرد... هیچ کات هەستم نەکردوە، لەوە بپرسێت خەڵک لەسەر خۆی، لەسەر هەڵوێستی، لەسەر بڕواکانی چی دەڵێن، بەڵام هەمیشە دوودڵی ئەوەبوو لەسەر شیعری چی دەگووترێت.

نە پێش ئەو و نە دوای ئەو کەسێکمان نییە بەوجۆرە دیلی شیعر بووبێت. شێرکۆ شاعیر نەبوو، بەڵکو کارخانەیەکی گەورەو سەرسوڕهێنەری شیعر بوو. هێزێکی بێوێنەی هەبوو، شیعر لەهەموو فۆرم‌و شێوەو ئەگەرەکانیدا تاقیبکاتەوە، شیعر تا ئەوپەڕی سنوورەکانی مەحاڵ ڕابکێشێت، هەمان بیرۆکەو هەمان ئایدیا لەسەدان وێنەی جیاوازدا دابڕێژێت.

نوێگەریی شێرکۆ ناشوبهێنرێت بەهیچ جۆرێک لەنوێگەرییەکانی تر لەئەدەبیاتی دەوروبەردا، شێرکۆ تەنیا داهێنەری فۆرمێکی نوێی شیعر نییە، بەڵکو ساتێکی گەورەترو ئەفسانەییترە، ساتی دۆزینەوەی زمانە بۆ جەستەی خۆی، بۆ ناکۆتابوونی خۆی، بۆ سنوورە دوورو ئەگەرە بێشومارەکانی ناوی ... لەگەڵ شێرکۆدا زمانی کوردی لەزمانێکەوە کە تەنیا لەمەودای تەسکدا بەکاردەهێنرێت، تەنیا لەسەر لۆکاڵ ئیشدەکات، لەبۆ گەیاندن دەجوڵێتەوە، دەبێتە زمانێکی یۆنفێرسال، زمانێک بۆ هەموو شتێک، بۆ هەموو سەرکێشییەک، بۆ هەموو جۆرە گوزارشتێک، واتە توانای گوزارشتی لەئەبستراکت دەگاتە هەمان توانای بۆ گوزارشت لەدونیای واقعی‌و مەتریالی، سیفەتێک ڕێگا بەوەچەکانی دوای شێرکۆ دەدات، دەرگای بیرکردنەوەی تیوریی لەزمانی کوردیدا بکەنەوە، کارێک کە بێ ئەزموونی شێرکۆ نەکردەو ئەستەم بوو.

ڕۆڵی #مارتن_لۆتەر لەئازادکردنی زمانە ئەوروپییەکاندا لەچنگی لاتینی چەند گەورەیە، ڕۆڵی شێرکۆ لەڕزگارکردنی زمانی کوردیدا لەمێژووی خنکاوی خۆی، لەدەسەڵاتی زمانەکانی دەوروبەر هێندە گەورەیە.

شیعری شێرکۆ وەڵامێکی گەورەیە بۆ چەندین سەدە لەبێدەنگی قووڵ‌و گەورە. ئەو بەهەزاران لاپەڕە لەشیعر، وەڵامی سەدان ساڵ لەبێدەنگی ئێمە دەداتەوە. شێرکۆ دێت‌و یەکەم ئاوڕدانەوەی لەدوای خۆی، مێژووییەکی لاوازو خاڵی دەبینیت، دنیایەک شتەکان تێیدا بێدەنگن... لەشیعری کلاسیکیدا جگە لەسۆزو عاتیفەی عاشقانە هیچی تر قسەی نەکردوە، عاتیفەی چەپێنراوی مرۆڤ بەجۆرێک بەسەر فەنتازیای شیعردا زاڵبووە، تەواوی دونیاو هەستەکان‌و شتەکانی تری بێدەنگکردوە. شیعری شێرکۆ وەڵامێکی گەورەیە بۆ ئەو بیابانە مێژووییە بەرینە... ڕزگارکردنی شیعرە لەوەی تەنیا گوزارشتێکی عاتیفییانە بێت بۆ وەسفی یارو گلەیی بێت لەدووری ئەو. شێرکۆ دووری نێوان «وشەکان»‌و «شتەکان» بەجۆرێکی قووڵ دەدۆزێتەوە، ئەو فاسیلە گەورەیە هەست پێدەکات کە لەنێوان شیعرو بووندا دروستبووە. شیعری شێرکۆ لەبری گوزارشتێکی عاتیفیانەی کلاسیکی، دەبێتە نزیکبوونەوەیەکی گەورە لەگەردون.

لەڕاستیدا شتێک نییە ناوی کۆتایی قسەکردن بێت لەسەر شێرکۆ... لەهەر جێگایەک هەستبکەین شتێکمان لەسەر شێرکۆ گووتووە، هەر لەو جێگایەدا دەبێت دووبارە بیخوێنینەوەو بەسەر دونیا ئاڵۆزو فرە ڕێ‌و فرە چینەکەیدا بچینەوە... ئەو بەتەنیا شاعیرێک نییە هاتبێت‌و بڕوات ، سەردەمێک بوو بەهەموو جەنجاڵییەکانییەوە، جیهانێک بوو بەهەموو پارادۆکسە گەورەکانییەوە، جیهانێک لەڕێگای ئەوەوەو تەنیا لەژێر باڵی خودێکی فرە رەنگ‌و فرە باڵی وەک ئەودا، دەیتوانی گوزارشت لەترس‌و ئومێدو خەونەکانی خۆی بکات.

درێژەی بابەت...

‌ http://kurdishbookhouse.com/ku/100-928/

■ببنە ئەندامی "ماڵی کتێبی کوردی":

@kurdishbookhouse

پایگاه خبری خانهٔ کتاب كُردی