Get Mystery Box with random crypto!

کورد ناسی t.me/kuredenaghsha کورد بۆ بە دۆی خۆی ئەڵێت ترشە؟! | کوردستان‌ناسی: نەتەوەبوون بە هاوبەشی مێژوو، جوگرافیا، زمان و کەلتوور

کورد ناسی
t.me/kuredenaghsha
کورد بۆ بە دۆی خۆی ئەڵێت ترشە؟!

 « محمد علی فروغی» سەرۆک وەزیرانی ڕەزاشا، لە بیرەوەرییەکانیدا ئەڵێ:
لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەل ئاتاتورک، پێی وتم: ئێمە ئەم وڵاتەمان کردووە بە مڵکی تورک؛ کەچی تەنیا باسی سازکردنی دەوڵەت نیە. جا بۆیە ناچارم مێژوویشیان بۆ ساز بکەم.
زۆرێک لە گەلان هەر وەهان، یان مێژوویان نیە و لەسەرخاکی خەڵکانی تر ئەژین، یان وڵاتیان بە درێژایی کەم تەمەنە و بە پانایی باسی ئەکەن.
کورد لەم بارەوە پێچەوانەیە. مێژووی دێرینی هەیە؛ بەڵام بەداخەوە یان نایناسێ و بە پێچەوانەوە دەرخواردی دراوە  یان حاشای لێ ئەکا.
ئێمە هەموومان لە قوتابخانە بەسەرهاتی"ریز علی"مان خوێندوە کە لە تەمەنیا تەنیا جارێک پیاوەتی نواند و بوو بە مێژو. جا خۆ ئێمە مامە ڕەحەی کەلی خانمان هەیەکە هەموو ڕۆژێ پیاوەتی نواندووە، کەچی نایناسین.
"زۆرۆ" بە قەڵەم خولقاندیان و ئێستا منداڵمان جلی ئەو لە بەر دەکا. ئێمە خولە پیزەمان بوە، بە پێی بیرەوەریەکانی مامۆستا هەژار، دووسەد و هەشتا پۆلیسی عێراقی کوشتبوو. ئێمەش بێ ئاگا لەو ئەرتەشی یەک نەفەرە![کوردێک لە کاتی خەودا کوشتی].
حەمەتاڵی بانە بەو هەموو ئازایەتیە، شەڕی لە گەل ڕووس کردبوو، ژاندارمی ڕەزاشای تۆقاندبوو، پاڵپشتی لە شۆرشی شێخ مەحمودی حەفید دژ بە ئینگلیزیش کردبوو، کەچی لە کوردێک بپرسی خێرا شانی لێ شل ئەکات "هەناری گۆڵ هەناری هەناری دانە دانە/سەرە ریەکەت لێ ئەگرم وەک حەمەتاڵی بانە""!
تەنیا ئەو بەیتەیان بردووە بە مێشکمانا. ڕەنگە بڵێن کورد نە سینەمای هەیە، نە میدیای جیهانی. بەڵێ، بەڵام تەواوی باسەکە ئەوە نیە. کورد ناسین و ناساندنی مێژوو و ئەدەب و هونەری خۆی بە ئەرکی سەرشانی خۆی نازانێت. خەڵکی ئاسایی و بێخەبەرمان باسی ئازایەتی  سەدام و ڕەحم و بەزەیی ڕەزاشا ئەکەن! فارس هێشتا خۆی لە شوێنی گۆڕی کورش دڵنیا نیە کەچی ئێمه ئەچین بۆ زیارەتی. ڕووناکبیرانی کورد ئەبێ بە ڕووناکیی بیر، تیشک بخەنە سەر تاریکیەکانی مێژوو و کەلتورمان. بەڵام مەخابن خۆیشیان لە ئاستێکی باشدا نین.
بۆ وێنە سەیری ئەزمونی ڕووناکبیریی خۆمان بکەن: لە پرسە و هاوخەمیی کۆچی هونەرمەندی فارس"استاد شجریان" ؛ بۆیان نووسی: "خسرو آواز ایران"!  ئیتر یەکێک نیە بپرسێ ئەمەتان لە کوێوە هێنا؟ ئەو پیاوە نە هۆرەی چڕی، نە سیاچەمانەی خوێند، نە لاوک و حەیرانی گوت، مەقاماتی ئەڵا وەیسی و قەتار و خاوکەر و ئای ئای و... با بمێنێ. (هەرچەندە کورد ئێرانی نییە) باشتر نەبوو کە ئەوپەڕی بیانووسیبا "خسرو آواز موسیقی سنتی فارسی"؟ ڕووناکبیرمان بە داخەوە خۆیشی ئەمانە ناناسێ و لێکیان ناکاتەوە.
سەیری شێوازی قسە کردنی ناودارانمان بکەن؛ بەڕێزێکیان لە باتی ئەوەی بڵێ: "کەسێ دەمی بە شیر سوتابێ،  فوو لە دۆیش ئەکا" ئەڵێ: بە قەوڵی فارسەکان "مارگزیدە از ریسمان....."؛ دیارە خۆی تێکەڵ بە کۆمەڵانی خەڵک نەکردووە و بە شار و دێهاتی کوردەواریدا نەگەڕاوە. زۆریان لەبەر ئەوەی کە کارەکانیان جیهانی بێ بە کوردی نانوسن؛ کەچی بە فارسی ئەنووسن.
ئەوانەی کە بە دڵ دڵسۆزی کوردن ئەبێ چەن لایەنە بیر بکەنەوە. برتراند ڕاسل فەیلەسوفی گەورە، بیرکارە( ریاضی دان)، چالاکی مەدەنیە، مێژووناسە، خەڵاتی نۆبیلی ئەدەبیشی وەرگرتوە. ئەوان زۆر پیاوی وایان هەیە کە بۆ هەربابەتێک، هاوکات لەچەن ڕوانگەوە ئەڕوانن. بەڵام ئێمە وانین، ئەگەر لە نووسەرێکی کورد بپرسی، زیرەک بۆ وتویە "لانک لانک لانکۆڵێ، لانک لە دار هەنارێ..."؟ جگە لە پێکەنین  و شوورەیی وڵامی نیە. چونکە ئەو تەنیا ئەدەبی کوردی ئەناسێ، بەڵام نەریتی کوردی نازانێ. ماکسیم گورکی ئەڵێ: هەر گەلێ فۆلکلۆری خۆی نەناسێ بێگومان میژووی خۆیشی ناناسێ. کتێب قسەی دڵی خاون قەڵەم بووە، گۆرانیش قسەی دڵی کۆمەڵانی هەژاری بێ دەرەتان. چۆن قسەی دڵی ئەوانتان بە سووک دێتە بەرچاو؟ فۆلکلۆری ئێمە زامی دەوران لە دوای دەورانی پڕ لە داخی کوردەواریە.
 موزیسیەنمان شێعر ناناسێ.. ئەگەر بیناسیبا هەوای هەڵپەرکێیان لە سەر شێعری پڕ لە خەمی مامۆستا سەیدی هەورامی دانەئەنا بەو هەمو ژەنیار و دانەر و گۆرانیبێژ و...ەوە.
  کورد بۆ ناسینی خۆی ئەبێ مێژو، نەریت، ئەدەب ،چیرۆکی فۆلکلۆر و زۆر شتی تر بناسێ.
ئاخۆ کاتی ئەوە نەهاتووە ئەدیب و شاعیر و گۆرانی بێژ و نووسەرمان بە لێژنە یەک بگرن و ببنە  ڕێکخراوە لە دەوری بیری کوردی بە بێ ئەوەی مەبەستیان بۆ نان و ناو بێ؟ دەی با پرسیار لە یەکتر  بکەین و لە ڕوانگە جیاوازەکان تووڕە نەبین.
ئەبێ کەلتوور و زمان و مێژو هەر بەقەدەر ژیانمان لامان  گرینگ بێ تا بیکەین بە مەکتەبێکی کوردی.

#سنە _عیسا_ئەحمەدی ۲۱ی گەلاوێژی۱۴۰۱



@Kuredenaghsha

کاناڵی کوردستان‌ناسی
#Culture_of_Kurdistan
#Nature_of_Kurdistan
تلگرام
t.me/kuredenaghsha
اینستاگرام
https://instagram.com/Kurdistannasi
فیسبوک
https://www.facebook.com/groups/646594232698034/permalink