2022-12-27 23:17:01
ئەو دەمانەی لە لەندەن بووم
لە نەخۆشخانەی شازادەكان پالكەوتووم لە لەندەن ، ھەست بە ئازارێكی زۆر دەكەم ھەم لە ناوەندی سەرم و ھەمیش لە ڕوحم ، ھیچم لە خەیال نیە سەبارەت بە برینەكەی سەرم تەنھا ئەوەنەبێت دكتۆر وتی كە توشی ڕووداوێكی ھاتووچۆ بووی ، شوفێری ماتۆرسكێلیك بوویت و دەلێن كچێكیشت لەگەل بووە ،
كاتی كچەكە لە ماتۆرسكێلەكە دابەزیووە دوای چەند ھەنگاوێك ڕۆیشتنت لە بەردەم ترافیكە سەوزەكە ئۆتۆمبێلێك خۆی پێداكێشاویت ، بەم ھۆیەشەوە ئێستا لێرە ڕاكشاوی ، ئەو كچە كێ بوو ؟ چیدەكرد لەگەل من؟ ئەرێ موسافیرێك بوو یاخود عەشقم ، ئێستا لەكوێیە؟ بۆچی ئەوەی بەسەر ھێنام! ھیچ كەسێكم نیە لە لەندەن چەند ڕۆژێكە پۆلیس بەدوای ناونیشانی شوێنی مانەوە و كەس و كارم دادەگڕێت بەڵام بێ فایدەیە ھەر خۆمم لێرەو ھیچ كەس نیە ھیچ كەس ، دكتۆر وتی دوای ھەفتەیەكی تر دەگەڕێیتەوە بۆ كوردستان ، كوردستان ، ئەوە چ ناوێكە من چیدەكەم لە كوردستان لەوێ چاك دەبمەوە یان چی!
دكتۆر وتی : ئەوی نیشتیمانی تۆیە گەڕامەوە ، ئیستا لە كوردستان دەژیم و لە نێو ڕێزەكانی سوپادا لە یەكەی پوچەلكردنەوەی بۆمب ڕۆژەكانم بەسەردەبم ، بڕوا بكەن بۆ مردن ھەلمبژارد ، بۆ مردن چومە ڕێزەكانی سوپا،بۆ مردن دەستم كردە بۆمب ، نازانم بۆچی نامكوژیت ، ئاخر كەی من حەقی ژیانم ھەیە ، ڕۆژێك سەرقالی پوچەلكردنەوەی یەكێك لە مینەكان بووم كە لەسەر پردێكی پەڕینەوەی سوپادا دانرابوو ، كە بۆمبەكەم بە دەستەوە گرت و ھاتمە سەرەوە ، كچێكی ڕۆژنامەنوسی كوردییان نیشاندام كە لە دەزگایەكی بیانی كاری دەكرد ئەفسەرەكەم وتی لە لەندەن ھاتووە دەیەوێت ڕاپۆرتێك بكات لەسەر سەربازێكی تیمەكەمان پێویستە لە كاتی پوچەلكردنەوەی بۆمبەكاندا بە كامێراكەی وێنە بگرێت ، ئیتر ئەفسەر ئەو كارەی بەمن ڕاسپارد لەگەلما بوە ھاوڕی و باسی نەھامەتیەكانی خۆمم بۆكرد لە لەندەن ، باسی ھەموو ئەوانەی كە ئێستا نایەنەیەوە بیرم ، ئیتر وتی تۆ ئەو كەسەی كە من بەدوایدا گەڕام بەیانیەكی زۆر زوو دەبوو بڕۆم بۆ لەناوبردنی بۆمبێك كە لەسەر ڕێگای سوپا دانرابوو ، ئەو كچە ڕۆژنامەنوسەم لە خەو ھەستاند ، پێم وت ھەستە لەخەو با بڕۆین تا بگەی بە ئامانجەكەت
كە لە مینەكە نزیك بوومەوە بانگم كرد ، ئەوھات بەڵام ھەستم دەكرد ئەو ترسێكی بێ بڕانەوەی ھەیە كامێراكەی لە نێو دەستە لەرزۆكەكانی دانابوو ، پێم وت لە مردن دەترسی ، وتی بەلێ زۆر دەترسم ، پێم وت ئەی بۆچی ئەو كارەت ھەلبژارد؟ وتی تاكو فێربم نەترسم دوای چەند سالێك خەندەیەك بە لێوەكانمدا ھەلگەڕان بەھەرحاڵ بە كامێراكەی ئەوەی ویستی دەستی كەوت ، ئەفسەر پەیوەندی پێمەوە كرد و وتی بەپەلە لە یەكەی ھێرشی پێچەوانەوە فەرمان كراوە ، پێویستە زوو بگەیتە ئەوێ چەند بۆمبێك ھەیە كچە ڕۆژنامەنوسەكە پێی وتم باشە تۆ چۆن نامری؟ ڕۆژانە چەند دانە پوچەل دەكەیەوە؟
وتم : ئەگەر قەرار بووایە من بمرم دەبوایە دەمێكە ئەوە ڕوبدات لە بۆمبی دووەم وتم وەرە ترسنۆك ویستم ھانی بدەم ، تا تێبگات ژیان پێویست بە ترس ناكات و ھەر ئەوەندە خەریكی پوچەلكردنەوەی بۆمبەكە بووم لە ناكاو پێی وتم عاشق بووی وەك ئەوەی بروسكەیەك بە روحما ھەلبكێشت و دەستم لەكار بەردا ، دەلێی فریاد ڕەسی من بوو ، ڕێك گەڕامەوە بۆ لەندەن ئەو شەقامەی كە نزیكە لە مالی لەوی كچەكەی سەر ماتۆرسكێلەكە ھاتە بەرچاوم وەختێ كە دابەزی لە دەرونمدا ھات ، سەیرم كرد باڵایەكی بەرز و شۆخ و شەنگ ، سەرتاپا ڕەشی پۆشیبوو!
ھۆشم گەڕایەوە بەخوا گەڕایەوە؟ بیرمە پێم وت ئەمشەو قسە لەگەل باوكت بكە ، وەلامی دامەوە باشە سەرنجڕاكێش ئێستا دەزانم مالەكەم لە لەندەن كوێ بوو چێشتخانە بچوكەكەم و ماتۆرسكیلەم كە لەھی مافیاكان دەچوو ، وتی بەیانی ڤێزایەكت بۆ ئامادە دەكەم بگەڕێوە لەندەن ، تاكو چیڕۆكی ژیان و نەھامەتیەكانت بە لەندەن نیشان بدەم
وتم نا من ھەرگیز ناگەڕێمەوە لەندەن نامەوێ جارێكی تر ھەموو ژیانم بیربچێتەوە ، ڵێمگەرێ مەراقم كردوە بزانم ئەو كچەی ماتۆرسكێلەكە كێ بوو ، لێرە خەریكە دەبمەوە مرۆڤ ، لەگەل بۆمبەكان زۆر ئاسودەم..
حازم جعفر
983 views20:17