Get Mystery Box with random crypto!

گەنجێکی دهۆک بە هۆی پڕۆژەی {قورئان بەهاری دڵانە) تەوبە دەکات | قورئان بەهاری دڵانە

گەنجێکی دهۆک بە هۆی پڕۆژەی {قورئان بەهاری دڵانە) تەوبە دەکات

گەنجێکی شاری دهۆک، کە لە سەرەتای تەمەنی گەنجێتیدایە، نامەیەکی بۆ ئێمە ناردووە کە بە زمانێکی زۆر سادە و بە چەند وشەیەکی کەم نوسراوە، بەڵام زۆر لە دڵەوە و پڕە لە وشەی ناخهەژێن و پڕ لە ئیمان و دڵسۆزی و گەڕانەوە و پەشیمانی.

دەڵێت: من باسی ڕابردووی خۆم ناکەم، بەڵام باسی تەوبەی خۆمتان بۆ دەکەم، من لە ڕۆژی تاقیکردنەوەی پڕۆژەی قورئان بەهاری دڵانە ل هۆڵی هیوا لە شاری دهۆک ئامادەبووم، زۆر باش نامیلکەکەم نەخوێندبوو، بەڵام هاتمە ناو هۆڵەکە ئەوەی کە دەموچاوێکی ناشرین و پڕ لە گوناهی هەبێ، تەنها خۆم بووم، هەستم بە شەرمەزارییەکی زۆر دەکرد بەو هەموو گوناهەوە لەم مەجلیسە پیرۆز و موباڕەکە ئامادەبووم.

گەنجی ڕوو خۆشم دەبینی، نوور لە ڕوویان هەڵدەقوڵی، ڕیشیان هێندە جوان و پڕ لە سیمای مسوڵمانی بوو، لەو لاوە هەندێ منداڵی بێ گوناهـ و تاوان، لەو لاوە هەندێ مامۆستا و مەلای شاری دهۆک، هەندێ بەساڵاچووی سەر و ڕیش سپی، هەندێ کچی لەچک بەسەر و باڵاپۆشێکی تەواو، من بە خۆمم دەوت: ئەم هەموو مرۆڤە باش و چاک و خواناسانە، هەموویان ڕۆژێک دەڕۆنە بەهەشت و من لەگەڵیان نابم.

بیرم کردەوە و گوتم: خۆ من هەر لەگەڵ کەسی خراب مامەڵەم کردووە، وا تێگەیشتووم کە خەڵک هەمووی خراپە، بەڵام دوای ئەوەی کە هاتم و ئەم هەموو کوڕ و کچە پاک و چاکەم بینی، نازانم نەمدەزانی چیم بەسەر دێ، نەمدەزانی بەرەو کوێ دەڕۆم، بەڵام دەمزانی کە قڵپەی گریان دڵمی داگیرکردووە و نەمدەزانی چۆن خۆم کۆنترۆل بکەم بۆ ئەوەی فرميسک لە چاوەکانم نەیەتە خوارەوە و کەس ئاگای لێم نەبێ، دەڵێت: بەڵام کە بە دەم ڕيگاوە بووم بۆ ماڵەوە، بەخوا بەخوا چاوەکانم لە فرمێسک وشک نەدەبوون.

دەڵێت: ئەو دیمەنە پڕ لە ئیمان و ڕوحانییەت و سەکینەت و ئارامی و هیوا بەخشانە، کە من بینیم، هەروەکو خوای گەورە بارانێکی ڕەحمەتی بەسەردا باراندبم و بوونە هۆکاری تەوبە و گەڕانەوەم بۆ لای خوای میهرەبان، هەستم دەکرد خوای گەورە پێم دەڵێ: بەس نییە؟ وەرە بگەڕێوە بۆ باوەشی میهرەبانیم.
هێندە ئاگام لە تاقیکردنەوە نەبوو هێندەی ئاگام لەو گۆڕینە بوو کە پێیدا تێپەڕ دەبووم و منی دەبردە دونیایەکێ تر کە هەرگیز هەستم پێ نەکردبوو و نەمبینیبوو.

دەڵێت: لێتان دەپاڕێمەوە با ئەم پڕۆژانە هەمیشە بەردەوام بن بۆ ئێمەی گەنج، ئێمە زۆر بێ خاوەن و بێ کەسین و زوو دەکەوینە غەفڵەتەوە و قاچمان دەخلیسکێ و گوناح ئەنجام دەدەین، ئەم پڕۆژەیە چیرۆکی تەوبە و هۆکاری گەڕانەوەمە، بێگومان چەندین کەسی تری وەک من بڕیاری گەڕانەوە و تەوبەیان داوە بە هۆی ئەم پڕۆژەیە، بەخوا ئەمە دوو ڕۆژە بوومەتە کەسێکی تر، ئەوەی کە حەزم لێی نییە و لەلام ناشرین و قێزەونە، گوناهـ و تاوان و سەرپێچین، جا توخوا لەناو ئەم هەموو گوناهە بەتەنیا بەجێمان مەهێڵن.

ل کۆتایدا دەڵێ: بە بەژداربووانی پڕۆژەی قورئان بەهاری دڵانە بڵێن، کە من لەسەر دەستی ئەو خوشک و برا زۆر ئەزیز و خۆشەویستانەم، پەیمان بە خوای گەورە دەدەم و بە بەرەکەتی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، ناگەڕێمەوە گوناهەکانم و لە دڵەوە تەوبەیەکی ڕاست و دروست دەکەم، داواش لە هەموویان دەکەم دوعای خێرم بۆ بکەن کە خوا بەردەوامیم پێ ببەخشی لەسەر ڕێگای ڕاست و پاک و ئیمان، و منیش یەکێک بم لە ئێوەی جوان و سەنگین و بهاگران.