Get Mystery Box with random crypto!

شەوەو هەستم چراخانە بە جۆرێ مەلی ڕۆحم لە لاشەی دا دەتۆرێ دەمت | شێعر و هۆنراوە

شەوەو هەستم چراخانە بە جۆرێ
مەلی ڕۆحم لە لاشەی دا دەتۆرێ
دەمت نۆقڵە و بە شیرینی دەبم لاڵ
وەرە با دڵ لە دڵ هاڵێ و نەگۆڕێ

شەوە عەتری هەناسەت دێ بە رەو ڕووم
لە کازیوەی بەیان دەرکەوت بەروو بووم
من و ئاهی سڕ و ساردی بە بێ تۆ
بە باهۆزی وەریگێڕان خدە و خووم

لە لا من شەو هەواری شێعرە بێ تۆ
گوڕەی هەستی بەهاریمە لە سەرخۆ
دەبزۆێنێ خەیاڵ و مەست دەبێ دڵ
وڕ و کاسم لە عەزرەت هاتنی تۆ

لە لای من دوو سەری یاری قەپاتە
خەیاڵم بوو ، ئەویش دیلی وەفاتە
وەرە سەر فەڕشی برژۆڵی دووچاوم
هەتا تیری حەسوودانت نەهاتە

شەوی کورتی بەهارە و دڵ پڕە لێت
هەتا تۆ دێی ئەویش دەگری و دەسووتێت
بە تاسەی جووتە لیمۆت تا بەیانی
سەرم خستۆتە بەر حوکمی دەس و پێت

سەرم چێ دڵ لە لای تۆ هەر دەمێنێ
زەکاتی ماچ لە لێوانت دەسێنێ
شەڕی ئەمن و دەروونم بەردەوامە
شەماڵ گەر بێ ، هەواڵی نوێ دەهێنێ

قەڵەم تێغە، چەکی دەستە لە لای من
شەڕابی خەستە بۆ مەستی و سەفای من
نمەی بارانی وەرزی وشکە ساڵین
بەوە ئەلحەق پلە و نرخ و بەهای من

وەرە یارێ بە دیقی چاوی چاو پیس
لە ئەستۆکە دەس و مەیلت نەبێ سیس
دەسووڕێ ئاشە کۆنی چەرخ و هاکا
لە دۆڵیانەی خولی دا پاک و هەم پیس

چ ڕووناکە بە تۆوە کەپر و کۆزم
چ سەربەرزم لە نێوان خێڵ و هۆزم
ئەتۆ بی شام لە موڵکی هەر دوو لاوە
مەپرسە قەت لە ڕەنگی ڕیشی بۆزم


غەفوور کەسنەزانی