Get Mystery Box with random crypto!

زۆر بە بەرزیت دەبینم 'ڕەندۆڵە'ی سەربەرز لێکۆڵەر و مێژووناس | شنوپرس

زۆر بە بەرزیت دەبینم "ڕەندۆڵە"ی سەربەرز

لێکۆڵەر و مێژووناس : ئومید ئاریامەنێش (شاهۆز)

کێوی ڕەندۆڵە هەڵکەوتووی ڕۆژئاوای شاری شنۆیە کە نێوەکەی وشەکی تەواو کوردیە.
ڕەندۆڵە کورت کراوەی "ڕەوەند دۆڵ" واته دۆڵ و دەڕەی ڕەوەندەکانه.
ئێستاش دانیشتوانی گوندەکانی بناری ڕەندۆڵە واتە شاهین ئاباد ، ئاڵکاوێ ، زمێ ، چل ئاشان و گەڵاز بە زاراوەی ڕەوەندی قسە دەکەن کە ئەو زاراوەیە لەنێوان کورمانجی و سۆرانی دایە و ئێستا پێی دەوترێ "سورمانجی". زاراوەی ڕەوەندی لە کۆنترین و ڕەسەن ترین زاراوەکانی کوردی بە ژومار دێت و مێژوویەکەی دەگەڕێتەوه بۆ پتر لە دووهەزار تا سێ هەزار ساڵ پێش که زبانی پاشانشینی هەزبانی سەر بە نەتەوەی ماد و مانایی بوونە.
ڕەوەندیەکان هۆزەکی گەورەی پاشانشینی کورد بوون کە لە سەدەی دووهەمی کۆچی مانگی لە ناوچەی کوردستان و ئازەربایجاندا سەریان هەڵدا.
میرنشین و بنەماڵەی "رەوەند" یان "رەواد" بە زمانی عەرەبی یەکێکە لە کۆنترین بنەماڵە کوردەکان و لقێکە لە بنەماڵەی گەورەی پاشانشینی هەزبانی کورد که لە دووهەزار ساڵ پێشەوه بەسەر بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ئازەربایجان واتە لە ئەردەوێڵ تاکوو هەولێر مووسڵ و نینەوا و ئورشەلیم دا پاشایەتیان کردووە. ڕەوەند بە زمانی کوردی واتە #کۆچەرۆ!  ئەم بنەماڵەیە خەڵکی ڕەسەن و کۆنی کوردستان و دانیشتوو و خاوەنی شاری تەورێز ، ئەردەوێڵ و مەراغە و ورمێ بوون. شوێنی نیشتەجێبوونی ئەم بنەماڵەیە لە چیای سەهەند لە نزیک تەورێز بووە و شوێنی نیشتەجێبوونی هاوینەیان لە دەشتی هەولێر و موسڵ بووە. بە گوتەی مێژووناسی کورد ئیبن ئەسیر ، ڕەوەندیەکان یەکێک بوون لە ڕەسەن ترین و باشترین بنەماڵەی کوردەکان و باپیرانی پاشای کورد سوڵتان سەلاحەدین ئەیوبییش لقێکی ئەم بنەماڵە ڕەوەندییەن بوون لە شاری دۆوێینی ئەرمینیا.
دوای سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی ئیسلام و بەتایبەت لە کۆتایی دەسەڵاتی ئومەوی و سەرەتای خەلافەتی عەباسیدا، لە هەمان کاتدا لەگەڵ دەسەڵاتی یەحیا بەرمەکی کە والی ناوچەکی فراوان بووە لە ئازەربایجانەوە تا ئەرمینیا و موسڵ ، لەم قۆناغەدا زۆربەی نووسین و ناوەکان بە شێوازی عەرەبی نووسراون و ناوی #رەوەندی کوردی بە هەمان شێوە گۆڕدرا بۆ #روادی ، کە دواتر لە کتێبی شەرەفنامەدا ڕاستکرایەوە و هەمان ناوی #رەوەندی هاتە ئاراوە لە کتێبەکاندا.
لە سەردەمی خەلیفە ئومەوییەکان و سەرەتای خەلافەتی عەباسی (سەدەی یەکەم تا دووی کۆچی) ئەم بنەماڵەیە (ڕەوەندی - ڕەوادی) لە هەولێرەوە تا تەورێز و ئازەربایجان و ئاران پاشایەتیان دەکرد. ئەم بنەماڵەیە لە ماوەی سەدەیەکدا شانشینییەکی بەهێزیان لە تەورێز و مەراغە و ئازەربایجان دامەزراند.
مێژووی تایبەتی ئەم بنەماڵەیە لە ڕەوەند کوڕی شاپور کوڕی ئەردەشیر ڕەوەندی (ڕەوادی)ەوە دەست پێدەکات کە سێ کوڕی هەبووە بە ناوەکانی وەجنە و موحەمەد و یەحیا. لە مێژوودا هاتووە کە نوێبوونەوەی شاری تەورێز و ئەرەوێل بۆ ئەم بنەماڵە کوردانەی ڕەوەندی (رەوادی) لە بنەماڵەی کوردی هەزبانی گەڕێنراوەتەوە. بەلازەری نووسەری ناسراویش ئاوەدان کردنەوەی شاری تەورێز دەگەڕێنێتەوە بۆ کارەکانیان و هەروەها دیوارێکیان لە دەوری شارەکە دروست کرد.
شاری "ڕەواندز" ـیش وەرگیراو لە نێوی ڕەوەندیەکانه بەم شێوە کە ئەو وشە لە بنەڕەتدا "ڕەوەند دژ" واتە دژ و قەڵای ڕەوەندیکان بووە.

ئێستاش هۆزەکانی زەرزا ، هەرکی ، سورچی و بەگزادەکانی موکری لە کوردستان پاشماوەکانی پاشانشینی ڕەوەندی و هەزبانینە.

@shnopress_News1