Get Mystery Box with random crypto!

باوکم هیچی نەدەکرد، کەچی نازانم بۆ هێندە بیری دەکەم کاتێک مند | 🦅ئـــەوێـــنـدار🦋

باوکم هیچی نەدەکرد، کەچی نازانم بۆ هێندە بیری دەکەم

کاتێک منداڵ بووم، وامدەزانی باوک وەک گڵۆپی سەلاجە وایە؛ لە هەموو ماڵێکدا دانەیەک هەیە، بەڵام کەس نازانێت کاتێک دەرگەکەی دادەخەیت، گڵۆپەکه چی لێ دێت.
هەموو بەیانیەک باوکم دەچووە دەرەوە، کاتێکیش ئێوارە دەهاتەوە، بە دیتنمان زۆر خۆشحاڵ دەبوو. سەری قوتووی خەیارشۆرەکە تەنیا بەو دەکرایەوە. تاکە کەس بوو دەیتوانی بەتەنیا بۆ ژێرزەمینەکە بچێت. کاتێک ڕیشی تراش دەکرد، ڕووی بریندار دەکرد، بەڵام کەس نەدەچوو ماچی بکات یان بایەخ بەو ڕووداوەی بدات. ئەگەر یەکێکمان نەخۆش بووینایە، ئەو دەچوو لە دەرمانخانە چارەسەری بۆ دەهێناین. بەردەوام سەرقاڵ بوو. دوو ڕۆژ خەریکی قەدی گوڵەکانی ڕێڕەوی خانووەکە دەبوو، کاتێک دڕک لە دەستی دەچەقی، ئازاری دەچەشت، ئێمەش بەلایدا لە دەرگەی پێشەوەی خانووەکە دەڕۆیشتین. هەر ئەو زەیتی لە دەرگەکان دەدا تا خێرا بکرێنەوە. کاتێک بایسکڵی بۆ کڕیم، هەر ئەو بوو بەلای کەمەوە هەزار کیلۆمەتر لە تەنیشتمدا ڕۆیشت، تا بەتەواوی فێری لێخوڕینی بووم. کاتێک کارتی ئەنجامی تاقیکردنەوەم وەردەگرت، ئەو واژووی لەسەر دەکرد. هەزاران وێنەی گرتووم، بەبێ ئەوەی لە هیچیاندا خۆی دەرچووبێت. هەموو جارێک تەنافی جلەکانی دایکمی توند دەکردەوە. لە باوکی هەموو منداڵێک دەترسام، باوکی خۆم نەبێت.
ڕۆژێکیان چام بۆ برد. ڕاستییەکەی هەر شەکراو بوو، بەبێ چا، بەڵام لەسەر کورسییە بچووکەکە دانیشت، خواردییەوە و گوتی زۆر خۆشە و زۆریش پێی دڵخۆش دیار بوو.
کاتێک یاریم بە بووکەڵەکانم دەکرد، بووکەڵەی دایە، ئیشی زۆرم دەدایە، بەڵام نەمدەزانی چ ئیشێک به بووکەڵەی بابە بدەم. وام لێ دەکرد بڵێت: دەچم بۆ ئیش، ئینجا فڕێم دەدایە سەر سیسەمەکەوە.
بەیانییەکی، کاتێک تەمەنم نۆ ساڵ بوو، باوکم هەڵنەستا بچێت بۆ ئیش، چوو بۆ نەخۆشخانە و ڕۆژی دواتر گیانی سپارد.
چوومە ژووی خۆم، لە ژێر سیسەمەکەدا بووکەڵەی بابم دەرهێنا، تۆزەکەیم لەسەر لا برد و لەسەر جێگەکەم دامنا.
هەرگیز نەمدەزانی ڕۆیشتنی هێندە ئازارم دەدات، بەڵام تا ئێستەشی پێوە بێت، نەمانی باوکم ئازارم دەدات و بیری دەکەم.

ئیرما بۆمبێک، ڕۆماننووسی ئەمەریکی
وەرگێڕانی: کوردۆ شابان