Get Mystery Box with random crypto!

#ئه_ده_بیاتی_وڵات سەودا ڕۆژگارێکە خەیاڵی من بەرەو سەودا د | ئەدەبیاتی بێ سنوور



#ئه_ده_بیاتی_وڵات


سەودا


ڕۆژگارێکە خەیاڵی من بەرەو سەودا دەچێ
مانگ و ڕۆژی من بە دووی خاڵێکەوە تێدا دەچێ

پەیکی دیدەم پەی تۆ سوستە و دەرفەتێکیش نایەنێ
چەندی بێ هەست و بە پەردەو و نەرم و ناپەیدا دەچێ

هەر چی تۆماری ژیانی هێدی دەخوێنێتەوە
دێ سەری زولفی لە پێشدا دەگرێ جا، پێدا دەچێ

سەد هەزار دیدەم هەبێ، پێ ناڕوانمە هیچی تر
ئەو دەمەی،ئەو بێری شۆخە دێ بەرەو، سەحرا دەچێ

باسی لاجەنگ و گوارەی تۆ بە هیچ کەس ناکرێ
بۆیە ڕەنجی من لە نووسین و گوسن هەر وا دەچێ

گەر مەم و زین بێنە مەیدانێ،ئەگەر لاس و خەزاڵ
هەر ئەوین زاڵە،ئەویندار هەر لەبەر پێدا دەچێ

جارێ بۆی دەمرم،بە خەندەی جارێ زیندوو دەبمەوە
من کە سەد کفنم دڕی،ئازاری وا زوو کوا دەچێ

چەند پەرێشانە دڵم،سەد هێندە شێواوە خەیاڵ
ئەی خوایە،ئەو پەژارە کەی لە سەر من لادەچێ

هێدی یا خوا کەس نەبینێ چۆن لە گەڵ دڵ پێوە بوو
چۆن بێ ترس و لەرزە ٸەو دێوانە بێ پەروا دەچێ


#هێدی

@besnoor