2020-04-06 00:28:02
کانی
شاعیر: ناسر ئاغابرا
هەرکاتێ دەکەومە بیری ئاواتی ڕۆژانی جوانی
بۆ ساڕێژی زامەکانم بە تەنیا دێمە سەر کانی
زووخاوی دڵ هەڵدەڕێژم بۆ وردە شەپۆلەکانی
ئەو بەستەیەی بۆ دەخوێنم، بە لاوک یا بە گۆرانی:
کانی! کانی!
تۆ جێژوانی پەرێکانی
تۆ ئاوێنەی ئاسمانی،
خوێنی جەرگی چیا سەخت و بەرزەکانی،
خۆزگە ئەوەی من دەیزانم، تۆش بیزانی.
کانی! کانی!
تۆ ئەسرینی هەورەکانی،
دەزانی بۆ خۆشم دەوێی؟
شاعیرکوژێک وەک تۆ دەچێ چاوەکانی،
دەزانی بۆ زۆر دێمە لات؟
چون لە لای تۆ بەجێ ماون جێپێکانی.
کانی! کانی!
تۆ شاهیدی پشکووتنی ئەوینێکی ئاسمانی
قاتڵی من لە تۆیدا شوشت پەنجەکانی
خوێنی دڵم تکاوە نێو ئاوی کانی
بە دەم بزەی ئەوینەوە دەمردم و نەمدەزانی
مەهاباد
28ی سەرماوەزی 1372
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
1.7K viewsedited 21:28