Get Mystery Box with random crypto!

بۆچی خۆشحاڵم؟ دوکتور خالید تەوەکولی| کومەڵناس ئەبینم هاوش | دیدگا: کانال رسمی خالد توکلی

بۆچی خۆشحاڵم؟

دوکتور خالید تەوەکولی| کومەڵناس


ئەبینم هاوشاری و هاوزوانێکم لە جەشنوارەیەکی جیهانییدا بووە بە باشترین ئەکتەر و خەڵاتی یەکەمی پێبەخشراوە. کاک فەرەیدوون چەندین ساڵە لەم بوارەدا کار و چالاکی هەیە و بە درێژایی ئەم ساڵانە هەم بەشێوەی زانستی خۆی پێگەیاندووە و هەم بە زەحمەتی زۆر و ماندوونەناسی چەندین ساڵە، ئەزموونی عەمەلی زۆری بەدەسهێناوە. ئێستا کە ئەبینم نەتیجە و پاداشی زەحمەت و ماندووبوونەکانی وەرگرتە، زۆر خۆشحاڵم و ئەبێ خۆشحاڵ بین و پیرۆزبایی لێبکەین کە ڕەنج بە خەسار نەبووە. جا بۆیە ئەبێ هیوادار بین لە پلە و پایەی هونەری و کۆمەڵایەتی بەرزترا بیبینین چونکە شیاوی زۆر خەڵاتی سەرترە.

ئەگەر لە روانگەیەکی تریشەوە بڕوانینە ئەم هەواڵە گرینگە و ئەم خەڵاتە هونەرییە، لەبەر ئەوەی کە کاریگەری ئەرێنی و باشی لە سەر کۆمەڵگا هەیە، هۆکاری خۆشحاڵ بوونمە. خەسارێک کە ئەمڕۆ کۆمەڵگای ئێمەی گرتۆتەوە ئەوەیە کە «سەرمایەی فەرهەنگی» لە ئاست سەرمایەی «مادی»دا گرنگی خۆی لە دەس داوە و پشت گوێ خراوە.

بەشێکی زۆر لەم گیروگرفتانەی ئەمڕۆی کۆمەڵگاکەمان لە نەتیجەی زاڵبوونی سەرمایەی مادی بەسەر سەرمایەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا دابووە. کاتێک پووڵ لە متمانە و هزر و بیر گرینگتر ئەبێ، رێگەی پان و بەرینی پێشکەوتن و سەرکەوتن ئەبێ بە کۆڵانێکی تەنگەبەر کە بەرەو پووڵ و دەسکەوتی مادی ئەچێ، نان بۆ کەوا دائەنێن و چڵکی دەست، پاک و خاوێنە، بێوەفایان ئەبن بە رێزدار و پووڵ و زێڕ ئەبێ بە یەکەم فاکتۆری دیاریکردنی جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی. جا ئەگەر کەسێکی وەکوو «هێمن»یش نەبێ کە ڕەندانە ئاگادارمان بکاتەوە کە:

ساقییا! بۆ کوێ دەچی، بۆ کوێ دەچی؟
تۆش لەبەر ئەو ملهوڕانە ملکەچی؟
تۆش بە ڕەنگ و بۆی ئەوان خواردت فریو؟
چاوی تۆشی هەڵفریواند زێڕ و زیو؟
تۆش دەگۆڕیەوە دەگەڵ گەوهەر هونەر؟
کەنگێ گەوهەر جوانی کردن بەختەوەر!
زێڕ بەڵایە، بێ وەفایە دەوڵەمەند
هەر هونەر نەمرە، هونەروەر مەرد و ڕەند
«چڵکی دەستە ماڵی دنیا» وەک دەڵێن
ماڵپەرست پەیمان شکێنە و بێ بەڵێن
قەدری جوانی کوا دەزانێ ماڵپەرست!
جوانپەرستە پیری خاوەن زەوق و هەست
***
نا مەچۆ، جوانێ مەچۆ، واوە مەچۆ؟
تۆ فریوی زێڕ و زیوی وان مەخۆ!
ئەو هەوەسبازانە جێی متمانە نین
هەر دەزانن گوڵ چنین و بەی ڕنین.
ئەوەندەیتر پەل بڵاو ئەکەنەوە و ملهوڕی، پەیمانشکێنی، بێوەفایی و بێبەڵێنی و هەوەسبازی رەواج پێئەدەن. خۆیان لە هونەرمەندان و پیاوماقووڵان بە خاستر ئەزانن و گالتە ئەکەن بە کەسانێک کە خوڵقێنەری بەرهەمی هونەریین یان لای خەڵک خاوەنی متمانەن.

باری نالەباری ئابووری وای کردوە زۆر کەس بە بێ ڕەنج و زەحمەت بگەن و بە سەروەت و سەرمایەی مادی زۆر و زەبەند. دونیای هونەر و متمانە وانیە، کەس لە پڕێ نابێ بە کوڕێ. پیری خاوەن زەوق و هەست، قەدری جوانی ئەزانی، باوەفایە و خۆبەزلزان نیە. هەر چەنێک ئەم سەرمایە زۆرتر بێ و زیاتر هۆگری ببێ کۆمەڵگا ئەخلاقیتر و ژیان خۆشترە. متمانە وعیشق و خۆشەویستی ئەبێ بە مەبنای بەختەوەری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

سەرکەوتنی کاک فەرەیدوون و بەدەسهێنانی ئەم خەڵاتە لە باری کۆمەڵایەتییەوە بیرمان ئەخاتەوە سەرمایەیتریش هەیە کە زیاتر لە پووڵ و پووڵپەرەستان ئەتوانێ جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی بەرز و بەڕێزمان پێبەخشێ. داهێنەرانی هونەر و هونەرمەندان، بیر و ئاکاری ئەخلاقی و وەفا و پێزانین بەدی دێنن و خۆشحاڵی بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان و سەقزیش نیشانی دا هێشتا جوانی قەدر و ڕێزی ماوە لە کۆمەڵگادا، باوەڕیان وایە کە گەوهەر مرۆڤ بەختەوەر ناکا و هونەر نادەن بە گەوهەر.

https://b2n.ir/h75252

@vakawii