2021-12-23 09:29:20
[۱۲/۲۲، ۲۲:۴۴] صلاح آشتی: سڵاو گیانەکەم، جا سەیر ئەوەیە، دڵم بەم گۆرانییە تەنگ دەبێ…
لە سەردەمی ساسانیدا کە دوو مووسیقیزانی وەکوو باربەد و نەکیسا لە بارگای شا ڕقبەڕقەیان بوو، ٣٦٠ هەوایان دانابوو، هەتا شای ساسانی لە ساڵێدا گوێی لە گۆرانیی دووپاتە نەبێ… ساڵ ٣٦٥ ڕۆژ بوو… بە پێنج ڕۆژە قرتاوەکەیان دەگوت: پێنجەی پاشقولدراو یان دزراو… بۆ ئەو پێنجەیان دانەناوە و هەر ٣٦٠یان تێهێناوە.
یەکێک لە گۆرانییەکان “سەوزئەندەرسەوز” بووە… گۆرانی “سەوزە” لە کوردیدا فرە زۆرە و فرە هەواشە…
هەتا لاو بووم بە بارێکی ڕووکاردا بەدڵمەوە دەنووسا… ئێستا کە بە نەردیوانە شلوشەوێقەکەی تەمەندا پێهەڵدەچم ئەم گۆرانییانە چاکترم کار لێ دەکەن… زیاتر قووڵ دەبمەوە… ئەوەی زیاتر دەمجزێنێ مەعنەوییەتی دەقەکەیە… دەنگ و ئاهەنگەکە با لە هۆوەی بن…
لەو شوێنەی کە دەڵێ:
کەوتۆتە بەینمان حەو کێو و حەو کۆ
مەگەر بای ڕەحمەت من بێنێ بۆ تۆ…
دڵ چەندە قووڵە؟ خۆ نە پەی دەدا و نە کەسیش دەزانێ، ئەوندە بە دڵتەنگیدا ڕۆدەچم…
دابڕان کارەساتێکی هێندە بێقەرەبوویە کە نووسین ناتوانێ دادی بدا…
چووزانم پێم خۆشە وای لێکدەمەوە…. چونکە ڕوودەکی کاتێ گوتی:
بوی جوی مولیان آید همی
یاد یار مهربان آید همی
(بۆن و بەرامەی ڕووباری مێرگەواری مەولیان دێ دەمبەدەم و بیری یاری دلۆوان دێ بە دڵا بێبڕانەوە!)
ئاوری له دهروونی شای سامانی بەردا و بۆچرووکی لێ هەستاند و لەڕێوە بارگەوبنەی پێ تێکەوەپێچا و یاڵڵا بەرەوە پیرەوڵات… ئای پیرەوڵات…
لە وەختی وادا من جێیەکم ژان دەکا نازانم کوێیە؟ دەزیڕێنێ، گوێم لێیە، نازانم کوێیە؟
دێشێم، نازانم چۆن؟ بۆم دەرنابڕدرێ، چ بکەم، زمان کول و قەڵەم کۆڵ و بیر کڵۆڵ.
[۱۲/۲۲، ۲۲:۴۴] صلاح آشتی: دەتوانم بڵێم "سەوزە" یان " گۆرانیی سەوزە" وا لە دەروونی مندا ڕیشەی داکوتاوە هەر دەڵێی نارەناری گەرمی دایکمە، کە ئەوەندەی وەبیرم هاتووە و نەهاتووە، وەکوو پەریی خەیاڵ ڕوحی لاواندوومەوە.
عەزیزم بەسەری تۆ سەوزە هەر دەڵێی گۆرانییەکی تازەداهاتووی نەبیستراوی ئاسمانییە و مرۆڤ فێری بووە و بە مەحزوونی دەیڵێتەوە.
جا کە "بازی بەخت" نەنیشتەوە خۆ روح داناسەکنێ و چاوی هەر لە حەوایە و بە شوێنیدا دەگەڕێ و سەروخواری لەگەڵ دەکا و هەر دڵەڕاوکەیەتی بێ و بنیشێ! بەڵام کارەساتەکە لەو کاتەوە دەسپێدکا کە "بازی بەخت" ڕێی لێ ون بووبێ و بە شوێنی ئەویندار نەزانێ یان نەزانێتەوە؛ ئای لەو بەدبەختییە! چونکە سەوزەی"نەبان" هەزار بەندیشی حەواڵە کەی و پێیهەڵبڵێی و شەو و ڕۆژ وەبەریهەڵبخوێنی، هەر لەسەر ئەو هەوایەیە کە خۆی دەیزانێ. لێرەدایە کە ئادەمیزاد بەسەر شەوڕەشی ژیانیدا دەکەوێ و لای وایە بڕانەوەی بە مەرگ نەبێ کۆتایی نایە.
جا "بێوەفا" دەرچوونی سەوزە و درەنگ پێزانینی ئاشق، ئەوەندەی دیکە ڕووداوەکە دەکاتە تۆفان و خانەئەوینی بێپەرژینی دەکاتە تۆفانستان!
نەهاتنەوە و نەنیشتنەوەی "بازی بەخت"، کە بە لای منەوە وەدینەهاتنی ئاواتەبەرزەی ئادەمیزادە، دڵ دەژاکێنێ و هەستی هەڵدەپرووکێنێ و شوێنێکی کەسپێنەزانی لە وجوودیدا سیسهەڵدەگێڕێ و ژانی تێدەچزێنێ و هەرچی سەری دێنێ و دەبا بۆی یەکلایی نابێتەوە کوێی تووشی گەرمەژانە.
١/ ١٠ / ١٤٠٠= ٢٢/ ١٢/ ٢٠٢١
مەهاباد، سەلاحەددین ئاشتی
452 views06:29