Get Mystery Box with random crypto!

لە بەر تۆ دەمرم و ناژیم لە بەر خۆم، دەسووتێم وەک شەم و قەت نای | 🌺کوانووی خەیاڵ🌺

لە بەر تۆ دەمرم و ناژیم لە بەر خۆم،
دەسووتێم وەک شەم و قەت نایە بۆسۆم.
ئەمن ئاورم لە خۆم بەردا لەبەر تۆ
کەچی تۆ خۆڵی خۆم ناکەی وەسەر خۆم.

دەبێ فرمێسکی چاو وشکایی نایە،
شەتاوی بێ بوارە چاوە یا چۆم.
غەمی کۆنەت لە گەڵ دڵ بۆتە هاوڕاز، بنێرە تۆ خەمێکی تازەتر بۆم.

ئەتۆ ئەو زولفە تاتایەم لە مل کە،
وەباڵی ئەو گوناهەی تۆ بە ئەستۆم.
شەویش بێ هەر دەڕۆم من ڕوو بە ئاسۆ،
ئەگەر ئەستێرەیەک هەڵبێ لە ئاسۆم.

ئەمن ئەو بەردە وا شیشەی شکاندم،
لە دەس یاران دەبێ بیدەم لە ئەژنۆم.
لە یاری دا ئەگەر ڕاست بی وەکوو من،
کەوا بێ تۆ منی و گیانە منیش تۆم.

سەید چبکا لە گەڵ خۆی و لە گەڵ خۆت،
لە گەڵ خۆم غەیر و بێگانە لە گەڵ تۆم،


عەبدولقادر سیادەت