Get Mystery Box with random crypto!

بلبلی باڵ‌شکاوی وەختی گوڵم هەر شەپۆڵان دەدا دڵی لەکوڵم کوردی | 🌺کوانووی خەیاڵ🌺

بلبلی باڵ‌شکاوی وەختی گوڵم
هەر شەپۆڵان دەدا دڵی لەکوڵم

کوردی بەندیی بەیانی نەورۆزم
گڕی گرتووە دەروونی پڕسۆزم

موغی بێئاگری شەوی یەڵدام
چاوەڕێی چارەنووسی ناپەیدام

کەوی بێدەنگی نەوبەهارانم
گوڵی بێڕەنگی چاو لە بارانم

کونجی جێژوانی چۆڵ و خامۆشم
سێبەری نازەنینی ڕەشپۆشم

دەستی بەربووی کچی گەڕی شاییم
هەستی خنکاوی لاوی سەوداییم

کێلی گۆڕی شەهیدی گومناوم
تاکە داری کڕووزی بێ ئاوم

دەفتەری شێعری شاعیری ڕووتم
شەمی سەرگۆڕ و داری تابووتم

کونی گیراوی کۆنەشمشاڵم
خەونی ئاڵۆز و خاتیرەی تاڵم

ژیلەمۆی ئاگری بەیانانم
باوکی فرمێسکم و کوڕی ژانم

باڵە سووتاوەکانی پەروانەم
شووشە بادەی بەتاڵی مەیخانەم

چڵە ڕێحانی دوورەدێراوم
سازی ناسازی هەڵپەسێرراوم

تکە ئاونگی سەر گەڵای زەردم
خەستە و دەردەداری چی دەردم

ئاخرین تیشکی خۆری پاییزم
شاعیری پیری تووڕە و زیزم

چۆن دەتوانم بە تۆ بڵێم من چیم؟!
خۆم گومانم هەیە کە هەم یا نیم!

«هێمن»