Get Mystery Box with random crypto!

کە تۆم بینی، دڵم تۆرا لە خۆشم لە خۆڕا باوەڕم وابوو نەخۆشم بە | 🌺کوانووی خەیاڵ🌺

کە تۆم بینی، دڵم تۆرا لە خۆشم
لە خۆڕا باوەڕم وابوو نەخۆشم

بە زۆر کێشی دەکردم بۆ پەسیوێک
لە مێشکمدا قەتیس بوون بیر و هۆشم

خەمۆکی دەرکی هیوای گرتبوو لێم
بە ڕۆژ کاس و بە شەو نامۆ لە وێشم

لە گەڵ ئاکاری ڕۆژانەی ژیانم ؛
ببووی ئاوێتە ،هاودەم بۆ شەوێشم

من و خۆم ودڵم هاتینە سەر هێڵ
ئەوان سەرسام و من هێشتا پەرۆشم

لە سەر خاڵێکی هاوبەش کۆکی کۆکین؛
تەنیویە خۆشەویستیت تان و پۆشم

ئەوینت بەختە بارانێکی سەر شێت
بەرامەی مەستی کردووم ، خۆشی خۆشم

خەمی ئەو نیشتمانە ڕۆحی کوشتووم
گەلێ بێ ئۆقرە بۆ ئامێزی تۆشم

وەکوو کۆترێکی بێ جووتی تەریک وام
لە چاوم ون ببی داییم نەخۆشم

لوقمان پیربادینی