Get Mystery Box with random crypto!

ئینتزار هەر به مزگێنی ژوانت، بێکەسی لێم دۆژمنە چاوەکانت بۆ نی | 🌺کوانووی خەیاڵ🌺

ئینتزار

هەر به مزگێنی ژوانت، بێکەسی لێم دۆژمنە
چاوەکانت بۆ نیگاهم، چەشنی زەریای بێ بنە

گوم دەبم لەو بەحرەدا وا هێمنی دەگرێ دڵم
من وەکوو ماسی لە دەوری تۆ و هەناسەی تۆ شنە

من وەکوو کوترێکی بێ لانە و غەریبی دووری تۆ
چاوەرێی مووژدەی ژوانێکم لە تۆی ئەو بازنە

چارەیی دەردی فیراق و ئینتزارم هەر ئەتۆی
گەرچی ئاکامی جوانیم بێ ئەتۆ، بۆم مردنە

چەن سکاڵام زۆرە ئەمما هەر خەیاڵت دێتە لام
چەشنی هۆنە دێتە زارم، ئەو شکۆ و ئەو گازنە

بێ خەمی تۆ ڕۆحی تینووم ڕوو لە مەرگە بێ ئەمان
بێ تەزووی تۆ، ماڵەکەم مەڵبەندی وێرانەی منە

دەی وەرە تاوێ قەراری دڵ، خەمانم چارە کە
تابڵێم گیانە حەدیسی سێو هەر عاشق کوشتنە

ژاڵە، سەفی یاری