Get Mystery Box with random crypto!

بە دەم مەوجی خوێنی ئەشکەوەم، بڕوانە چۆنم بۆت دەروونم کەیلی زوو | 🌺کوانووی خەیاڵ🌺

بە دەم مەوجی خوێنی ئەشکەوەم، بڕوانە چۆنم بۆت
دەروونم کەیلی زووخی دەرد و غەم، بڕوانە چۆنم بۆت

ڕەقیبی سەگ حەزی بوو، کوشتمت، سەیری کە چۆنی بۆم
دوعا بۆ دەست و تێغت من دەکەم، بڕوانە چۆنم بۆت

بە غەدداری نە وەک ناوت بەرن، بمئەنجنی، قەت من
شکاتی جەوری تۆ بەر کەس دەبەم؟ بڕوانە چۆنم بۆت

ھەناسەی ئاگرینم بردەوە بەر، تا دەروونم سووت
بە ناڵە تا دڵت سەخڵەت نەدەم، بڕوانە چۆنم بۆت

بیانوو بگرە، شێوەی خۆت بشێوێنە بە من کوشتن
وەھا چاوی بەدت لێ لا دەدەم، بڕوانە چۆنم بۆت

بە ئاوی گریە ھەر دەم ناوی چاوم ششتووە، نەک جێت
بە خوێن ئاغوشتە بێ، تۆ، چاوەکەم، بڕوانە چۆنم بۆت

غەمی خۆشی نیە مەحوی لە دڵیا، ھەر غەمی تۆیە
لە عیشقت‌دا دەکەم غەم بۆ بەغەم، بڕوانە چۆنم بۆت
شیعرمەحوی
دەنگ و دیکلەمەی باست_حەمە_غەریب

https://t.me/hawarga19