Get Mystery Box with random crypto!

 چەندە تێوەگلاوی بەو قوماری دنیا و خودی ژیانت لەبیر کردووە؟ قو | 💡ژنانی ڕووناکبیر

 چەندە تێوەگلاوی بەو قوماری دنیا و خودی ژیانت لەبیر کردووە؟ قوماری دابەش کردنی مرۆڤەکان بە سەدان شێوە و پلەدانان بۆیان! قوماری چیڕ بوونەوە لە ویستێک و پشت کردن و لەبیر بردەنەوەی ماوەی ژیان؟
قوماری ڕەش و سپی، زیرەک و گەمژە، نەخوێندەوار و خوێندەوار، ژن و پیاو، هەژار و ساماندار، جوان و ناحەز و هتد.

گرنگ نییە ڕۆژانە چەندە باسی باشترینەکان، جوانترینەکان، ساماندارترینەکان و هەمووی ترینەکانی دیکە دەکەن و چەندە هەڵیان دەکێشن و چەندە ناڕاستەوخۆ لۆمەت دەکەن کە وەک ئەوان نی!
دیارە کۆمەڵگە و پێوەرەکانی هانت دەدەن بۆ لاسایی کردنەوەی ترینەکان وەک ئەوەی ئەوە ویستی دڵی خۆتە و تۆ باوەڕدەکەی کە ناتەواوی و لەدوای و ...
بەڵام ئاگادار بە کە تا ئەوکاتەی تێکەڵی ئەو قومارەبی و ژیانی خۆت لەگەڵ دیتران هەڵسەنگێنی و هەست بکەی لە ترینەکان وەدوا کەوتووی و وەک ئەوان جوان و زیرەک و خوێندەوار و ... نی زۆرتر ڕۆ دەچی!

دەبێ لەبیرت بێ کە هەر مرۆڤێک بەپێی ئەو هۆشەی پێی بڕاوە و ئەو بارودۆخەی هەیەتی و پێی گەورەبووە شەڕی ژیانی خۆی دەکا و تا ئەو کاتەی ئەوڕۆی لە دوێنێی باشترە و ئاگاترە بە خۆی و ژیانی براوەیە.
خۆت قەبووڵ بکە ئەو جۆرەی ئێستە هەی ئینجا بەرەو ئەو دەنگە هەنگاو هەڵێنەوە کە لەناختدا دەیبیستی نە ئەو دەنگ و هەڵاهەڵایەی پەردەی گوێچکەی دنیای دڕاندووە و مرۆڤەکانی بەخۆیان نامۆ کردووە!
پێویست نییە ئەوەندە جوان بی،
پێویست نییە زۆر زیرەک بی و باشترین زانکۆ بچی و قازانجێکی زۆر بکەی لە ئیش و کارتدا
یان باشترین ماشێنت لە ژێر پێ بێ و ...
تەنیا پێویستە هەبی و گوێ لە دەنگی دەروونت ڕابگری و بەتەواوی بژی لەو سەفەرە کورتەی سەر زەویت.

تۆ ڕێبواری، سەفەری کورتی سەر زەوی بە ئاخ و داخ و خۆهەڵسەنگاندنت لەگەڵ دیتران و خۆبچووک کردنەوەت لەخۆت تاڵ مەکە!
لێگەڕێ با هەر لە پشت گوێت بنەڕێنن بەڵام گوێیان بۆ شل مەکە، با دەنگی دەروونت پێشەوات بێ نە دەنگ و هاڕەهاڕی دنیا.

سروە

(دیتران: ئەوانی تر، نامۆ: بێگانە، پێوەر: مێعیار)
@JinaniRunakbir