Get Mystery Box with random crypto!

بەختم گرێدراوە، نێوچاوانم نایهێنێ! هێندێک لە کچان جارجار کە پ | 💡ژنانی ڕووناکبیر

بەختم گرێدراوە، نێوچاوانم نایهێنێ!

هێندێک لە کچان جارجار کە پێکەوە دادەنیشن و باس لە چۆنییەتی ژیانیان بۆ یەکدی دەکەن بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە تەنیایی ڕستەگەلی لەم شێوەیە بەکار دەبەن: "چی بکەین بازاڕ خراپە، کەس موشتەری نییە!" یان "نێوچاوانمان نایهێنی، بەختمان گرێدراوە!" و بەم شێوەیە نائاگایانە سوکایەتی بە زایەندیی خۆیان دەکەن.
بەڵام مەگەر کچ فرۆشییە کە هەرکەس پێیخۆش بوو بێت و بێتە کڕیاری؟ جا ئەگەر کچ خۆی وەک کاڵایەک چاو لێبکات ئیدی بۆ لۆمەی پیاو و کۆمەڵگە دەکا؟
دیارە ڕیشەی ئەو بیرۆکانە دەگەڕێتەوە سەر کلتووری کۆمەڵگاکەمان کە لە منداڵییەوە لە گوێی کچانی دەخوێنن کە کچی بەختەوەر زوو مێرد دەکا و کچی بەدبەختیش بەتەنیا دەمێنێتەوە و کەس نایهەوێ، دەترشێ! و وای دێننە پێش چاو کە کچی تەنیا کچێکی بەدبەختە!
بەڵێ، کچ کە تەمەنی بچێتە سەرێ، شانسی بۆ بەدنیا هێنانی منداڵ کەم دەبێتەوە و ناتوانێ بەرەیەک بۆ پیاو دروست بکات، ژن ئامێرێکە بۆ بەدنیا هێنانی منداڵ بۆ پیاو، واتا منداڵەکەش بۆ پیاوە و بە منداڵی ژن ناناسرێ!
مامەڵەی کۆمەڵگا لەگەڵ ژن و پیاو تەواو لێک جیاوازە، پیاو ژن دێنێ، پیاو بکەرە! ئەوە کە ژن دەێنێتە ماڵی خۆی، پیاو خەرج دەکا لە ژنێک بۆ ئەوەی ماڵی بۆ ڕاگرێ، نیازە جنسیەکانی پێ بەسەربەرێ و منداڵی بۆ پەروەردە بکا.
بەڵام کچ دەبێ شوو بکا، دەبێ بچێتە ماڵی مێرد!
هیچکات نابیستین بڵێن کوڕەکەمان یان کچەکەمان ژیانی هاوبەشی پێکدێنێ، چون ئێستاش پیاو بە خاوەنی ژن دەبیندرێت و ژن بە بوونی مێردەکەیەوە تاریف دەکردرێ، واتا ئەو ژیانە هاوبەشییە بەستراوەتەوە بە پیاو.
بەڵام هەمووی ئەو قسانە بۆ کاتێک بوون کە کچان نائاگا و کۆیلە بوون و نەیاندەتوانی بە دوای تواناییەکانیاندا بڕۆن و تەنیا ڕۆڵی ئامێرێکیان دەبینی بۆ زاوزێ و دەبا خۆیان بە پیاوێک هەڵواسن بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان دابین بکات!
بەڵام ئێستا کاتی ژن هێنان و بەشوودران تەواو بووە و کاتی ئەوەیە ژن و پیاو پێکەوە #ژیانی_هاوبەشی پێکبێنن!
و ژیانی هاوبەشییش دەبێ ئاگایانە بێت و لەگەڵ کەسی خۆی نەک بۆ هەڵاتن لە قسەی خەڵک و تەنیا بۆ بەسەربردنی مەیلی جنسیی و لەڕووی ئیجباری دیکە!
کاتێک ژن ڕێز لە بوونی خۆی بگرێ، کۆمەڵگەش ڕێزی لێ دەگرێ و وەک خۆی، وەک مرۆڤێک باسی لێدەکات، نەک کەسێک کە بە پیاوێکەوە دەناسرێ!
 هەر وەک #فرووغ ژنە شاعیری فارس دەڵێ، بەختەوەری قەت ڕوونادات مەگەر ئەوەی ڕوحت ڕازی بێت!
بگەڕێن بزانن ڕوحی ئێوەش چی دەوێت؟
ئەگەر بەدوای تواناییەکان و خواستی ڕوحتاندا بڕۆن ئەوە شەریک و خۆشەویستی ڕاستەقینەی ژیانیشتان دەبیننەوە، بەڵام ئەگە لە چاوەڕوانی کەسێکی باشدا پشت لە خواست و تواناییەکانتان بکەن بێگومان بەختەوەریش لەدەست دەدەن و ئەو کەسەش نادۆزنەوە.
پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی دەبێ ببێتە بەشێک لە ژیان و کۆمەک بکا بە خواستی ڕوح نەک ئەوەی خۆی ببێتە ڕوح و ئامانجی ژیان.
ئاگاتان ڵێبێ کە چتان لە ژیان دەوێ و چی بە زمان دێنن.
سروە
@JinaniRunakbir