2021-06-27 21:07:53
گاڕانیان به‌خڕی برد، خه‌می گۆێلكه سوریانه
t.me/kuredenaghsha
عارف قوربانی
نازانم بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی تریش وایه، یاخود هه‌ر بۆ ئێمه‌ی كورد ئه‌وه راسته كه په‌نده‌كانی پێشنیان و ئه‌و ئیدیۆمانه‌ی له رابردووی دوردا وتراوون، به‌رده‌وام و له زۆر هه‌لومه‌رجدا به‌كار ده‌برێنه‌وه، ئایا به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه كه مێژوو و روداوه‌كان دوباره ده‌بنه‌وه، یا سیحرێكی تایبه‌ته كه ئه‌و (په‌ندانه) له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا هه‌ر به زیندویی بمێننه‌وه؟
ئه‌مه‌ی لێره‌دا وه‌ك نمونه بۆ ئه‌م باسه كردوومه به‌ناونیشانی وتاره‌كه‌م، (گاڕانیان به‌خڕی برد، خه‌می گۆلكه سورێتی)، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم تایبه‌ته به ناوچه‌كانی پشده‌رو بتوێن، یا زیاتر له‌و ناوچانه به‌كاربراوه‌و له‌وێوه رۆچووه‌ته ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌وارییه‌وه. نازاندرێت مێژوویی سه‌ره‌تای به‌كاربردنی بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه كه لانی كه‌م سه‌تان ساڵه، به‌ڵام ده‌ڵێی بۆ ئه‌مڕۆ نوسراوه.
توركیا چه‌ند ساڵێكه ده‌یان بنكه‌و باره‌گای سه‌ربازی له باشوری كوردستان دامه‌زراندووه، رۆژانه ژماره‌ی له‌شكره‌كانی زیاتر ده‌كات، به پاساوێكی نا ره‌وا شه‌ڕی هێناوه‌ته ناو قوڵایی كوردستانه‌وه، چاوی له شه‌نگال و ده‌شتی نه‌ینه‌واو كه‌ركوكیشه. چه‌ندجارێكه به راشكاوی ده‌یڵێت كه هێز ده‌به‌ینه ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌و بچینه هه‌ر جێگه‌یه‌كیش لێی ناكشێینه‌وه. له‌وه‌ش روونتر پێمان ده‌ڵێت ویلایه‌تی موسڵ موڵكی ئێمه‌یه‌و وه‌ریده‌گرینه‌وه.
ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی توركیا به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ردۆگان كۆبونه‌وه‌ی كردووه‌و رایانگه‌یاند كه به ئه‌ندازه‌ی قه‌ندیل مه‌خمور بۆ ئێمه گرنگه‌و ده‌چینه ئه‌وێش. مه‌خمور چه‌ند كیلۆمه‌ترێكی كه‌م له هه‌ولێری پایته‌خته‌وه دوره، ئه‌مه ئاماژه‌یه بۆ داگیركردنی هه‌ولێری پایته‌ختیش. ئه‌وه‌ی جێی پرسیار‌و هه‌ڵوه‌سته‌یه چه‌ند رۆژێكه شان به‌شانی فراوانبوونه‌وه‌ی له‌شكركێشیه‌كانی سوپای توركیا و هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆ داگیركردنی ته‌واوی باشوری كوردستان، چه‌ند میدیایه‌ك به مه‌به‌ست بێت یان له بێئاگاییه‌وه خزمه‌تێكی گه‌وره‌یان به ستراتیجی داگیركارییانه‌ی توركیا كردووه كه ئه‌سڵی بابه‌ته‌كه‌یان له پرۆسه‌یه‌كی داگیركارییه‌وه گۆڕیووه بۆ پرۆسه‌ی داربڕینه‌وه. هه‌ڵمه‌تێكی چڕی میدیایی له ناوه‌نده میدیایه‌كان و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بۆ ئه‌م بابه‌ته به‌ڕێوه ده‌چێت. له په‌رله‌مانی عیراق داوای بانگهێشتكردنی باڵوێزی توركیا ده‌كرێت، داوا ده‌كرێت له په‌رله‌مانی كوردستانیش بۆ هه‌مان پرس بانگهێشتی قونسوڵی توركیا بكرێت.
@Kurdistannasi
چه‌ندین رێكخراو و چلاكوان كه‌وتوونه‌ته ناو ئه‌م گه‌مه ترسناكه‌وه‌و هات و هاواریانه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێووده‌وڵه‌تی كه نابێت رێگه بدرێت داری چیا‌و كه‌ژو كێوه‌كانی بادینان ببڕنه‌وه. چه‌ند په‌رله‌مانتارێك له فراكسیۆنه جیاجیاكان داوای راگرتنی بڕینه‌وه‌ی داره‌كان ده‌كه‌ن و وته‌بێژی حكومه‌تیش ده‌ڵێت قبوڵمان نییه داره‌كان ببڕنه‌وه. ئه‌مه رێك وه‌ك ئه‌وه وایه بوترێت ئه‌گه‌ر داره‌كان نه‌بڕنه‌وه پرۆسه‌ی داگیركراییه‌كه ئاساییه، به‌ڵام كه دار ببڕنه‌وه جێی قبوڵكردن نییه.
ئێستا ئه‌گه‌ر له چاوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێووده‌وڵه‌تی و ناوه‌نده بڕیار به‌ده‌سته‌كانی جیهانه‌وه ته‌ماشای دیمه‌نه‌كه بكه‌یت، ئه‌وه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه نه عیراق و نه له باشوری كوردستانیش نیگه‌ران نیین له‌وه‌ی توركیا وڵاته‌كه‌یان داگیر ده‌كات، به‌ڵكوو نیگه‌رانییه‌كه له‌و ره‌فتاره‌یه كه سه‌ربازه‌كان چی خۆیان یان ئه‌وه‌ی ده‌وترێت رێگه‌یان داوه چه‌ند كۆمپانییایه‌ك داری چیاكان ببڕنه‌وه، هاتوهاواره‌كانیش بۆ راگرتنی داربڕینه‌وه‌كه‌یه نه‌ك خودی پرۆسه‌كه.
@Kuredenaghsha
ئه‌سڵی بابه‌ته‌كه داگیركاریی توركیایه له باشور و با سه‌رنجه‌كان نه‌گوێزرێته‌وه بۆ سه‌ر یه‌كێك له لێكه‌وته‌كانی داگیركارییه‌كه كه به سوتماكردنی خاكی كوردستانه. ئه‌و ده‌یه‌وێ هه‌موو باشوری كوردستان به خاك و خه‌ڵكه‌وه داگیربكات، ئێوه‌ش شین بۆ دار به‌ڕووه‌كان ده‌كه‌ن. پرۆسه‌كه پرۆسه‌یه‌كی داگیركاریی وڵاتێكه، پرسه‌كه بچوك مه‌كه‌نه‌وه بۆ تاوانی بڕینه‌وه‌ی دار.
ده‌بێت خه‌ڵكی كوردستان، ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات، هێزه سیاسیه‌كانی و دامه‌زراوه شه‌رعی و ناشه‌رعییه‌كانی له‌وه به‌ئاگابێنه‌وه كه هیچ كه‌سێك به ئه‌ندازه‌ی ئه‌ردۆگان له‌گه‌ڵمان راستگۆ نه‌بووه كه پێشوه‌خته پێمان ده‌ڵێت من بۆ داگیركردنی وڵاته‌كه‌تان هاتووم. له مێژووی ئێمه‌دا مه‌گه‌ر ته‌نها (عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید) به‌ر له ئه‌نفال به‌و ئه‌ندازه‌یه به راستگۆی له‌گه‌ڵ كوردا دووابێت.
568 viewsedited 18:07