Get Mystery Box with random crypto!

( بۆ شەرەفی شیعر، جەلال مەلەکشا ) . لە ' پیرمام' ی گەرمێنی کو | هۆنراوەکانی مامۆستا جەلال مەلەکشا

( بۆ شەرەفی شیعر، جەلال مەلەکشا ) .

لە " پیرمام" ی گەرمێنی کوردستان گیرسابوومەوە. تەنیا بووم و سەرقاڵی کار لە کوردستان تیڤی . بەتلێفوون پێیان وتم کەسێک کاری پێتە. چاک و چلۆنیمان کرد، وتی برادەرێک لە لامە، پێی خۆشە قسەت لە گەڵ بکات. نەمدەزانی بەم ئێوارە ساردەدا کێ هێندە سەرخۆش و بەکەیفە دەیهەوێ لە هەولێرەوە، لە گەڵ من قسە بکات ! کە دەنگە نەناسراوەکە ماڵئاوایی کرد، دەنگێکی ئاشنا و ماندوو وتی : فەرەیدوون! چۆنی؟ منم جەلال!
هەرگیز بڕوام نەدەکرد لە کاتێکی ئاوەهادا، دەنگی جەلال لە نزیکەوە بژنەوم. جەلال و سلێمان دڵسۆز، بە دژواری و بە قاچاخ، ئاودیوی سنوور بوبوون . نەمهێشت لە هەولێر بمێننەوە، هاتنە لام لە پیرمام، لە لای من نەختێک ئەمینتر بوو بۆ حەسانەوە. ڕۆژان و شەوانێکی فرە نایابمان ڕابوارد بە شیعر و بە چیرۆک و باس و خواسی ئەوەی بەسەری بێ سەروەریی زمان و ئەدەبیاتی ئێمەدا دێت و بە قاڵ و قەوڵی شاد و ناشاد و بە گێڕانەوەی بیرەوەری.
شەوان ڕابگرد و ڕۆژان ڕۆیشتن, سلێمان لە " ڕامان" دامەزرا و جەلال لە "شۆڕشگێڕان" بارگەی خست. دواتر، تا ئەو دەمەی جەلال باروبنەی بەرەو رۆژهەڵات پێچایەوە، فرەیک شیرینی و تاڵیی ڕۆژگار مان پێکەوە چێشت. سەربوردەی ئەو ماوەیەی لە هەولێر ژیا و جارناجار پێکەوە بووین، دوورە و درێژ، تاقەت و حەوسەڵە و دەرفەت کورت و کەم .
وەلحاسڵ،ئەم" پێشوازی"یەم ، هەر لەو رۆژانەی جەلال و سلێمان لە لام نە میوان، کە خانەخۆ بوون، نووسی. یادی ئەو شەو و ڕۆژانە بەخەیر.

پێشوازی

فەرەیدوون ئەرشەدی

تۆ هاتی، شەیدایی باران و
وەحشەتی سنوور و دواپڕمەی وڵاخی
قاچاخچیی نەترست بۆ هێنام .
لە غەمی پڕ تەمی ئێوارەی پیرمام دا
بە تاو و بە لەرزی ئەو ژوورەی
هەناسەی پڵینگی شیعرتی دەناسی دابەزیت .
من بە چی پێشوازی باڵندەی شەکەتی قەفەس بکەم؟
من بە چی مەچەکی بریندار
بە کەڵوەی کەلەبچە تیمار بکەم؟
ئەم جەستە لاوازە، لە نوێنی پەپوولەی کام شیعردا بنوێنم؟
ئەو بازە زامارە لە هۆبەی کام شەوما داڵدە دەم،
من کە خۆم وەحشەتی ناو بۆسەی سنوور و
بارانی هەڵاتن دەناسم!؟
کە هاتی، وەک دێڕی پڕ شکۆی شیعریکی یەزدانی، دابەزیت .
لە بەر پێی فانووسی مەستی دا
پەنجا ساڵ ئازاری نیشتمان
پەنجا ساڵ زریکەی شیعرێکی یاخی بوو هاتەلام،
بەرزایی شریخەی بڕنەوی بزمار ڕێژ
هاتە نێو ژوورەکەم،
دەروێشی خانەقای مەولانا هاتە نێو خەڵوەتی زیکرەکەم.
نەموێرا بپرسم کوا یەسنا، چۆلەکەی دڵەکەم!؟
نەموێرا بپرسم کوا ئاویەر، سەربەرزیی شارەکەم؟
چوونکە باش دەمزانی، کە هاتی نەتزانی " کاوە" چۆن دەگریا، یەسنا چۆن دەسووتا،
ئاویەر چۆن چۆنی بەرە خوا هەڵ دەکشا .
بە خێر بێی، رووناکی چاوانی چوارچرا،
حەژمەتی گڕکانی دەربەندی قاسملوو، هاواری تەنگانەی دمدم و
گفتوگۆی هێمنی سەرسەرا، بە خێر بێی !
ئەی زامی ناسۆری مەڵەکشان، گۆڕانی ئاشقانی قەتارچیان، کە هاتی
ئاویەر لە دەشتی کۆیەدا باڵای کرد،
چل چەمە لە پێکی شیعرم دا هەڵقوڵی .

ئەی بەفری یەکشەوەی هۆبەتوو،
شەپۆلی بێ نازی دەریاچەی ورمێ و
وەیلانتر لە قشڵاخ!
تۆ بۆنی یەکەمین بارانی زاگرۆس و
تۆ پەڵەی ئەم دلە کاولەی.
بە هەموو ئازار و ئەشکەنجەی زیندانی وشەوە
ڕەشماڵی ئەو خەمە دێرینەت، لە هۆبەی ئەم واژە کۆچەرە، هەڵبدە.
نازانم بەدەستی کام بێری شۆخ و شەنگ،
تینوێتیت بشکینم؟
ئەو زامە ناسۆرەی سەر سنگت
بە فێنکیی هەناسەی کام کیژی ڕەوەندان دەسرەوێ؟
شمشاڵی چ شوانێ دەتوانێ
مێگەلی وشەی تۆ ئارام بکات !؟

هەناسەت ئەی شیعری لاسار و ئەی ڕۆحی هەڵاتوو،
هەناسەت سەرسمی ئەسپە شێی مێژووە !
ئەی نۆتەی ناسازی موسیقای سەردەمی سەرشۆڕی،
بەهاژەی ئەو دەفە هەراوەی سینگی خۆت
زیکری ئەم دەروێشە گەرم بکە،
تاوێ لەم هەوارە پشوو بدە،میوانی ئەم ڕەوە بازە بە و
قومێک لە کانیاوی ئەم بنارە سەرسەوزە بنۆشە،
لەسایەی دارەبیی ئەم ڕووبارە شینەدا
سەرخەوێک بشکێنە !

کە هاتی، چەخماخەی هەڵدێر و سەرشۆڕیی سنوور و،
ڕەپ ڕەپەی مەیدانی ئازادی سانان دژ،
چوارچێوەی سینگتی دەپرواند،
یەسناکان، کاوەکان لە چاوتا دەگریان .

ئەی سنوور، چۆن وێرات جانتای ئەو کۆترە دابگری
وا لەگەڵ کازیوەی بەیاندا هاودەستە؟
چۆن وێرات ئەگریجەی گزنگی چاوی شیعر تێک بدەی؟
فانووسی خەڵوەکەی شالیار هەڵ دەکەم،
ئەم کۆختە تاریکە دەکەمە زیکرستان،
فەقیانەت لە چۆمی قشڵاخ دا هەڵکێشە و بیکە بە گوولە بەند،
جوانووی شیعرەکەت ئەی پڵینگی پاڵنگان
لەبەردەم کۆڵیتی غوربەتی شیعرم دا، دابەستە.
من وەکوو وشەیەک تەریک و
تۆش وەکوو قەڵەمێک لانەواز
داستانی شەوانی عاشقی دەکەینە چیرۆکێ،
وەحشەتی سنوور و دواپڕمەی وڵاخی قاچاخچی نەترس و سەربەرزی واژەمان
دەکەینە پێکێک و دەینۆشین !
ئەی وشەی یاخی و پەپوولەی ناو گڕی پیلانی ئەهریمەن
هاتنت جەنگەڵی باوشمی کردۆتە حەشارگەی یاخیان !
بەخێر بێی دارگوێزی چەم شار و
دارتایلەی مەزاری شەهیدان.
کە هاتی، شنە بای ئارێز و سێبەری رێواسی گاڕانت بۆ هێنام.

@meleksha