Get Mystery Box with random crypto!

بۆنی ئازادی! جادەیەک خۆی لە سەرتەوە پێچاوە قژەکانت بە بای خە | دڵترپەکانی بێدەنگی

بۆنی ئازادی!
جادەیەک
خۆی لە سەرتەوە پێچاوە
قژەکانت
بە بای خەیاڵێکەوە
جادەیەک بە سەرتەوە دائەپۆشن
پەنجەیەک خەریکە ئەترازێ لە پەنجەم
گەردنت بۆنی ئازادی ئەدات
نیگات
نادیارێک ئەپشکنن
من ونی نادیار و وێڵی جادەیەک ئەبم
جادەیەک
پشتمان پێ ئەکاتە یەک
جادەیەک خۆی لە هەردووکمانەوە پێچاوە
تۆ
قژت بە بای خەیاڵێکەوە
دای ئەپۆشێ
من
باڵا بە باڵای دەگرم و
خۆ لە لاولاوی نیگایەکەوە دەپێچـم
بەرەو نادیار
پەنجەیەک ئەترازێ و
خەیاڵێک ئەسرەوێ
پرچێک شۆڕ ئەبێتەوە و
جادەیەک
ڕووت ئەبێتەوە ڕووبەڕووم
جادەیەک
کە خۆی لە سەرتەوە پێچاوە و
تەمێک
بە سەرنیگاتەوە ئەنیشێ و
نادیارێک
کە ئیتر ناگەشێتەوە
ون دەبێ گەردنێک
گەردنێک کە بۆنی ئازادی لێ دەهات!.