Get Mystery Box with random crypto!

بەیانییتان باش. من ناوم کتێبە هەزاران هەزار دەم و چاو و هەزارا | مامۆستا شێرکۆ بێکەس

بەیانییتان باش.
من ناوم کتێبە
هەزاران هەزار دەم و چاو و
هەزاران هەزار وڵات و دڵ و دەروونم هەیە.
جاری وا هەیە پڕم لە خۆشەویستی،
لە لێبوردن، لە بەزەیی، لە عەقڵی ڕووناک،
لە ئازادی
جاری وایش هەیە پڕم لە ڕق و لە بوغز و
لە تۆڵە و تاریکی...
گەلێ جار بە دەنگێکی گڕ ئەدوێم و
گەلێ جاریش بە دەنگێکی ناسک
جارێ مێم و جارێ نێر و
زمانم سەدان زمانە و
پێناسەیشم لە هەزار ڕەنگ.
من سەرینم پەنجەکانی هەردوو دەستە و
وشە و دێڕ و لاپەڕەیشم عاشقی چاو
ئەو وەختەی منت بە دڵ بێ،
ئەبمە جوانترین هاوڕێت.
لەوانەیە ئاگری شەڕم خۆش کردبێ و
لەوانەیشە بووبم بە ئاسمانی ئاشتی.
من لە قوڕەوە کتێبم.
هێندەی "گیلگامێش"یش کۆنم.
من نەبوومایە ژیان کوێر ئەبوو
سبەی نەئەبوو
مێژوو ون ئەبوو
جاری وا هەیە ئەستوور ئەستوورم و
جار وایش هەیە باریک باریک.

"شێرکۆ بێکەس"
@sherkoofayagh