Get Mystery Box with random crypto!

‍ ‍#زانیاری شەوی یەڵدا شەوی یەڵدا یان شەوی چلە یەکێکە لە ج | shno24

‍ ‍#زانیاری

شەوی یەڵدا

شەوی یەڵدا یان شەوی چلە یەکێکە لە جەژن و بۆنە مێژوویی و کۆنەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھاوبەشە لە نێوان نەتەوەکانی ھیند و ئاری و نەتەوەکانی تری میزۆپۆتامیا. دوایین شەوی پاییز یان مانگی سەرماوەز، لە نیوەی باکوری گۆی زەوی بە درێژترین شەوی ساڵ دادەنرێت. لە شەوی یەڵدا بەدواوە درێژایی شەو کەم دەبێت و ڕۆژەکان درێژتر دەبنەوە.

وشەی یەڵدا ڕیشەیەکی سوریالی ھەیە بە واتای "لەدایکبوون" و "ھاتنە دنیا"یە، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ لە دایکبوونی خۆر و ڕووناکی یان میترا. ڕۆمییەکان ئەو ڕۆژە بە "ناتالیس ئانایکتوس" یان "ڕۆژی لەدایکبوونی ڕوناکی" ناودەبەن. ئەبورەیحان بیرونی زانای بەناوبانگی ئێران وەک جەژنی "لەدایکبوونی مەزن" یان "میلاد اکبر" باسی لەو جەژنە کردووە ئەوەش ھێمایەکە بۆ لەدایکبوونی خۆر و ڕوناکی.

لە کۆندا چلە دوو ڕێکەوت بوو لە ناو ڕۆژمێردا، چلەی ھاوین و چلەی زستان، چلەی ھاوین کە دوایین ڕۆژی جۆزەردان و یەکەم رۆژی پوشپەڕە و بە درێژترین رۆژی ساڵ دادەنرێت و چلەی زستان کە دوایین شەوی سەرماوەزە و درێژترین شەوی ساڵە. لە رابردوودا کشتوکاڵ بناغەی سەرەکی ژیانی خەڵکی پێکدەھێنا و گۆڕانکاریەکانی کەش و ھەوا و وەرزەکان کاریگەری لە سەر کشتوکاڵ و شێوەی ژیانی ئەوان دادەنا ھەر بۆیە تەنانەت ڕۆژمێرەکانیش بە پێی ئەو گۆڕانکاریانە داڕێژراون، ئەگەر سەرنج بدەین ناوی مانگەکانی ساڵنامەی کوردی و زۆربەی نەتەوەکانی تری ئاری پەیوەندیەکی توند و تۆڵیان لە گەڵ کشتوکاڵ و گۆڕانکاریەکانی کەش و ھەوا ھەیە، بەو پێیەی درێژی و کورتی شەو و ڕۆژەکان کاری دەکردە سەر چالاکیەکانی کشتوکاڵ و جووتیاری، ئەوانیش ناچاربوون چالاکیەکانیان لە گەڵ ئەو گۆڕانکاریانە ڕێک بخەن.

وردە وردە و بە ئەزمون مرۆڤەکان بۆیان دەرکەوت لە ھەندێک وەرزدا ڕۆژەکان درێژترن و ئەوان دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر کەڵک لە روناکی خۆر وەربگرن بۆ کشتوکاڵ کە بناغەی سەرەکی بژێوییان بوو. ھەر بۆیە ھێدی ھێدی ڕوناکی و خۆر بووون بە ھێمای ژیان و چاکە، تاریکیش بوو بە ھێمای خراپەکاری و ستەم. گەلانی "ھیند و ئاری" و "ھیند و ئەوروپی" دوایین شەوی پاییزیان وەک شەوی لەدایکبوونی خۆر و ڕوناکی دادەنا و تەنانەت ڕۆژی یەکەمی زستانیان بە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێ دادەنا، چوونکە لەو بڕوایەدا بوون کە ئاھورامەزدا بە سەر ئەھریمەندا سەرکەوتووە و بەدرێژیی ڕۆژ و روناکی زیاد بووە.

لە "ئاسارولباقیە"ی ئەبورەیحانی بیرونی و لە قانونی مەسعودی ئەو رۆژە وەک خۆرە روز و خۆرەم روز واتە "رۆژی پیرۆز" ناوی براوە. ھەر وەک ئاماژەی پێدرا تاریکی ھێمای شەیتان و ئەھریمەن بووە، دوایین شەوی پاییزیش کە درێژترین شەو و تاریکترین شەو بووە، بە شەوێکی شووم و پڕنەھامەتی دانراوە، ھەر بۆیە لە کۆنەوە لە گەڵ خۆر ئاوابوونی دوایین رۆژی پاییز، خەڵک بە داگیرساندنی ئاگر ھەوڵیان دەدا تاریکی و ھێزە ئەھریمەنیەکان بڕەوێننەوە و لە خۆیانی دوور بخەنەوە.

خەڵک لەو شەوەدا لە لای یەک کۆدەبوونەوە و بە خواردن و خواردنەوە و گۆرانی وتن و ھەڵپەڕکێ شەونخونیان دەکێشا و چاوەڕوانی ھەڵھاتنی خۆر دەبوون. ئەو سفرەیەی لەو شەوەدا دەڕازێنرایەوە لە لای زەردەشتیەکان بە "مەیزەد" ناسرابوو چەرەسەکەش پێی دەوترا "لۆرک". لە نەزرگە و پەرستگەکانی میترایی نزا دەکرا بۆ سەرکەوتنی ڕووناکی بە سەر تاریکی و ئەھریمەندا ئەو نزایەش پێ دەوترا "نی یەد". خەڵک کە بە ئاھەنگ گێران و شەونخونی شەوی یەڵدایان بەسەر دەبرد، یەکەم ڕۆژی زستان یان خۆرە روز، یان ڕۆژی پیرۆزییان دەرکردە پشوو.

 

بە پێی ھەندێک سەرچاوە ڕۆژی خۆر، ڕۆژی یەکسانی مرۆڤەکان بوو، پادشاکان بەرگێکی سپی و سادەیان لەبەردەکرد و لەو رۆژەدا نە پادشا و نەھیچ کەسێکی تر فەرمانی بەکەسانی تر نەدەکرد و سەرجەم کاروبارەکان بە بێ فەرمانکردن و بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە رادەپەڕێنران. لەو رۆژەدا ھەر جۆرە خوێنڕشتنێک، تەنانەت سەربڕینی ئاژەڵ و پەلەوەرەکانیش قەدەغە کرابوو. ھۆکارێکی تری پشوی ئەو رۆژە جیا لە شەونخونی و بە ئاگابوونی خەڵک لەو شەوەدا بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە پێشگیری بکرێت لە ئەنجامدانی ھەر گوناھ و خراپەیەک، چوون بە پێی "ئایینی روناکی" بچوکترین خراپەکاری لە رۆژی لەدایکبوونی خۆر بەگەورەترین تاوان ھەژمار دەکرا.
@shno24