ھۆکارەکانم بۆ وازھێنانم زۆرن لەگرنگترینیان نەبوونی کات و زۆربوونی ئەرکەکانی ڕۆژانەی خۆمە. بێ باکی خەڵک لەئاست ماندووبوونمان و بوختان و درۆ و ناوزڕاندنی خەڵکە بەکەسایەتی و ڕەوشت بەرزی ئێمە، کە ئەو خەڵکە دانە و دوان نین و ئێستا زۆرینەی کۆمەڵگەن. ھەرجابۆیە لەبەر ئەم ھۆکارانە پێش چوار مانگ ھۆشداریم لەبارەی وازھێنانم لەم ڕۆژەدا چەنجارێک دابوو و ڕاگەیاندبوو، ھەربۆیە لەمڕۆدا کۆتایی پێ دەھێنین و گەردنی ھیچ کەسێک لەسەر بچووکترین گومانی خراپ بەکەسایەتی و ڕەوشتی ئێمە ئازانەبێت و ئەوە با ھەقێک بێت لەو دنیا لەگەردنی ئەو کەسانە.
لەگرنگرترین ئەو کەیسانەش کارم لەسەرکردوون. کەیسی سەرۆک جاش و ئەنفالچییەکانی ناو پارتی و یەکێتی. کەیسی دۆسیەی نھێنی و پڕۆژەی تیرۆری کەسایەتی زانیاری و پاراستن. کەیسی تاوانەکانی مەلا مستەفا و کۆمەڵکوژییەکانی. کەیسی خنکاندنی زیندانی لەزیندانەکانی پارتی. کەیسی سکانداڵەکانی لاھور جەنگی بورھان. کەیسی ڕفاندنی منداڵانی کورد لەلایەن پەکەکە و تاوانەکانی. ئەوانە لەگرنگترین ئەو کەیسانە بوون کە کارم لەسەر کردوون، لەگەڵ دەیان ڕاپۆرتی جۆراوجۆری ھەستیار و گرنگ کە زۆرێکتان دیوتانن. ئەتوانم بڵێم ئەو کەیسانەی من باسم کردوون پێشتر باسنەکراون و لەئێستا و داھاتووشدا بەئەستەم باس دەکرێت، مەگەر کەسێک ژیانی خۆی بکاتە قوربانی و خوداش پشت و پەنای بێت ئەگینا ئەستەمە لەنێو کوردا زانکۆ بورھانێکی دیکە دروست ببێتەوە، کە بێ لایەن و سەربەخۆ و ڕاستگۆ و خۆنەویست بێت و بەدۆکیۆمێنت و بەڵگەوە کار لەسەر ڕووداو و بابەتە ھەستیارەکان بکات.
ئەتوانم ئاشکرای بکەم جگە لەکاری ڕۆژنامەوانی بەپشت بەستن بەزانیارییە ھەواڵگرییە دزە پێکراوەکان بەتایبەت ئێران- گیانی نزیک بە (٧٠) پێشمەرگە و کادر و سەرکردەی حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتم لەپیلانی تیرۆر و تەقینەوە و کۆمەڵکوژی ئاگادارکردۆتەوە و ڕزگارکردووە، کە ئێستا ڕای دەگەیەنم، بەڵام لەبەرامبەردا و لەپاداشتی ئەو کارەمدا لەکۆتایدا بەتیرۆری کەسایەتییم و پیاوی ئیتلاعات وەڵامم دراوەتەوە! ئەمانەم بەبەڵگە و تۆماری دەنگی لایە ئەگەر بێت و بڵێن وانییە، وەڵامی جەرگ بڕمان دەبێت بۆیان.
دڵخۆش و شادمانم ھیچ کاتێک نەبەھەڕەشە، نەبەپارە و تەڵەی ئافرەتی موخابەراتی تێنەکەوتین و سەرکەوتین. لەپشت ئەو ئازایەتی و غیرەت و عیزەتەوەی ئێمەوە تەنیا خودایەک و ئیمانێکی بەھێز ھەبوو، کە خەڵکانێکی نەفام لەوە تێنەدەگەیشتن و ئێمەیان ھەرجارە و بەپیاوی دەزگایەکی ھەواڵگری بێ ڕەوشت دەدا لەبێژنی ئاوەزی خاڵییان، ئیتر نەیاندەزانی ئەوە ھێزی ئیمانە و لەھەر مرۆڤێکدا ھەبێت خودا بەسەر دژ و دووژمنەکانییدا سەریدەخات و دەیپارێزێت ھەتا ئەوکاتەی ویستی لەسەر بێت. ئەو دەروون نەخۆش و فەقیرعەقڵانەی کۆمەڵگا ھەرجارە و بەزانیاری و پاراستن و میت و ئیتلاعات و مۆساد و سی ئای ئەی و داعش پێناسەی ئێمەیان دەکرد، دەبێ ئێستا بەوازھێنانی من چی قانجازێک بکەن!؟
چەن بارە پێتان ڕادەگەیەنمەوە ھیچ پەیج و ئەکاونتێکم لەفەیسبووک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان نییە و نابێت، ئەوەشی ھەیە بەناوی منەوە دانراون پەیج و ئەکاونتی موخابەراتین(پاراستن-زانیاری).