2021-11-23 12:03:10
ڕاگەیندراوی ئەنجومەنی پارێزەرانی ژینگە/بانە_پاژین، سەبارەت بە کۆتایی هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ چارەسەری کێشەی بێ ئاویی لە بانە.
هاوشاریانی بەڕێزی و بەفەرهەنگی بانەیی، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و بەرپرسان و لایەنە پێوەندیدارەکانی بانە:
هەروەک ئاگادارن ئەنجومەنی پاژین لە ڕۆژی ۲٤ی خەزەڵوەڕ تا ۳٠ خەزەڵوەڕی ۱٤٠٠ی هەتاوی، بە مۆڵەتی ڕەسمی کە پێیدرابوو، هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ چارەسەری کێشەی بێ ئاویی بانەی بەڕێوەبرد.
لە پاش ڕاگەیاندن و دەستپێکردنی ئەم هەڵمەتە، خەڵکێکی زۆر لە هەموو چین و تووێژەکانی نیشتەجێی بانە ڕوویانکردە شوێنی هەڵمەتەکە و ناو و واژۆیی خۆیان لەسەر تۆمارێک کە بۆ ئەو بابەتە دابین کرابوو نووسیی تا بە شێوازێکی مەدەنیانەو دوور لە تووندووتیژی داخوازی خۆیان واتە دابین کردنی ئاوی خاوێن و هەمیشەیی بگەیێننە دەسەڵات و لایەنی پێوەندیدار، کە ئەم داخوازییە ڕەوایە مافی بێ ئەملاولای هەموو تاکێکی نیشتەجێی ئەم وڵاتەیە و توانرا لەم هەڵەمەتەیا زیاتر لە ۱٠ هەزار واژۆ لە شارۆمەندانی بانەیی کۆ بکرێتەوە.
هەر بۆیە بە پێویستمان زانی کە لە ڕێی ئەم ڕاگەیێندراوەوە سپاس و پێزانین و ئەمەگناسیی خۆمان ئاراستەی هەموو دانیشتووانی بانە هەر لە خەڵکی ئاسایی دانیشتوویی ناوشار و گوندەکانی بانە؛ ژن و پیاو و کچان و کوڕان و پیر و گەنج و ئەنجومەنە خەڵکییەکان و گروپە وەرزشی و شاخەوانییەکان، گروپەکانی شانۆ و هەڵپەڕکێ و هەموو ئەو ڕاگەیاندنانەی بانە و تەواوی ئەو لایەن و بەرپرسانەی کە بە دەنگمانەوە هاتن و بەشداری ئەم هەڵمەتە بوون و یارمەتیدەرمان بوون بکەین.
هیوادارین کە خەڵکی بانە و دانیشتوانی هەموو کات ئاوا شێلگیرانە و مەدەنیانە پاڵپشت و یارمەتیدەری ئەنجومەنی پاژین بن تا ماف و داخوازییەکانیان لە بوواری ژینگە و ژینگەپارێزی دەستەبەر ببن.
هەروەها داواکارین لە بەرپرسان و لایەنە پێوەندیدارەکان؛ کە بە دەم ئەم داخوازییە ڕەوا و مەدەنیانەی خەڵکەوە بێن و بە زووترین کات چارەسەری ئەم دۆخە بکەن تا لە داهاتووا دەرهاوێشتەی خراپی کۆمەڵایەتی لێ نەکەوێتەوە و خەڵک بتوانن ئاوێکی هەمیشەییان هەبێت.
وێڕای سپاس و ڕێز:
(ئەنجومەنی پارێزەرانی ژینگە/بانە_پاژین،
۱ی سەرماوەزی ۱٤٠٠ی هەتاوی)
@pajinbane
328 views09:03