2021-12-11 13:59:30
زاگرۆسانە بە کاتی پیرانشار!
17ی سەرماوەز لە درێژەی هەڵمەت و چالاکییەکانی ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار و لە چوارچێوەی گەڵاڵەی گشتیی زاگرۆسانەدا، هەڵمەتی چاندنی بەڕوو لە پیرانشار بەڕێوە چوو.
ئەو هەڵمەتە کە بە هاوبەشی لەگەڵ سەرجەم ڕێکخراوە ژینگەیییەکانی بناری زاگرۆس بەڕێوە دەچێت، بە مەبەستی پاراستنی دارستانەکان و ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی سەر دارستانی ئەو ناوچەیە بە تایبەت داری بەڕوو، هەروەها وشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لەمەڕ گرینگیی پاراستنی سامانی دارستانەکانە.
لەو چالاکییەدا کە بە بەشداریی بەرچاوی لاوان، ژنان و منداڵان بەڕێوە چوو، زیاتر لە 2000 دەنکی بەڕوو لە بەری نەڵێن و نزیک ئاواییی بازرگان پێشکەش بە خاکی پیرۆزی کوردستان کران.
هەر وەکوو ئاگادارن بێکاری و نەبوونی سیاسەتێکی درووست سەبارەت بە ژینگە وای کردووە کە دارستانەکان بکەونە مەترسی و تاڵانچییان و تێکدەرانی ژینگەش ئەو دوو پرسەیان وەکوو هەلێک قۆستووەتەوە و لە هەموو لایەکەوە خەریکن دارەکان تاڵان دەکەن و هاوتەریب لەگەڵ ئەوە، سیاسەتە چەوت و هەڵەکانی حکوومەت سەبارەت بە لێدانی بەنداوەکان و ڕاگواستنی ئاوی شیرنی زاگرۆس، هاوکات نەبوونی بنکەی فریاکەوتن و تەنانەت سەرەتاییترین کەرەستەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاگرەکان، بوونەتە هۆی مەترسیی لەناوچوونی زاگرۆس کە پێویستە بە وەخۆهاتنەوە و هەستی بەرپرسیارەتی و خاوەندارەتی، پێش بەو تاڵان و کارەساتە بگیرێت.
لەو پێوەندییەدا داوا لە هەموو هاونیشتمانییانی خۆشەویست دەکەین کە سەبارەت بە ژینگەی خۆیان چاوکراوە بن و وێڕای پاراستنی ژینگە بەتایبەت دارستانەکان، لە هەر ڕێگەیەکی یاسایی دژی نەیاران و تێکدەرانی ژینگە بوەستنەوە و پارێزگاری لە وڵات بکەن.
17ی سەرماوەزی 2721ی کوردی
ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار
@jinge_piranshar_ngo
574 views10:59