2022-08-17 15:52:50
بسم الله الرحمن الرحیم
حەمد و سەنا بۆ خوای خولقێنەر و دروود و ڕەحمەت بۆ سەر گیان و ڕۆحی پێغەمبەری ئازیز (دخ)
(وَإِذا تَوَلّىٰ سَعىٰ فِي الأَرضِ لِيُفسِدَ فيها وَيُهلِكَ الحَرثَ وَالنَّسلَ ۗ وَاللهُ لا يُحِبُّ الفَسادَ..) بقرە 205
ئاوەدانکردنەوەی زەوی یەکێک لە مەبەستەکانی ناردنەخوارەوەی باوکی ئادەمیزادە لەلایەن پەروەردگارەوە تا بکرێتە بەهەشتێک بۆ بوونەوەر، وە خوداوەند کوشتنی درووستکراوەکانی و لە ڕیشە دەرهێنان و سووتاندنی دار و سەوزایی سەر زەوی بە تاوان و گەندەڵکاری ناو دەبات..
کەوایە پاراستن و پشتیوانی لە پارێزەرانی ژیان و ئاوەدانیی سەر زەوی بۆ مرۆڤ و بوونەوەر، ئەرک و ئەخلاقی ژیاندۆستان و خەمخۆرانی دڵسۆز و بەئەمەکە..
وە بە پێچەوانەوە، بێوەفایی و کەمتەرخەمی و تێنەگەیشتە لە ئامانجی بەدیهێنەر و خاوەنی تەواوی بوونەوەر کە پەروەردگاری تەنیا و بێوێنەیە...
لەم ڕۆژگارەدا کە بڕێ لە لایەنەکان و مرۆڤەکان بۆ قازانجی تاکەکەسی خۆیان دەستیان بە سووتان و تاڵانکردنی دارستانەکانی ئەم نیشتمانەیان کردووە، ئەرکی سەر شانی بەرپرسانی قەیرانە کە خۆیان ببیننەوە لە دڵی میللەتدا و لەم دۆخەدا بۆ چارەسەرکردنی دڵی سووتاوی ژینگە بکۆشن. بەڵام بەداخەوە لەبەر هەبوونی ڕانت و کەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەموو ڕۆژێک و مانگ و ساڵێک زیاتر و زیاتر شاهێدی لەناوچوونی سامانە سروشتییەکان و دارستانەکانی ئەم وڵاتە ئەبین.
هەر بەم بۆنەوە و بە مەبەستی پارێزگاری لە جوانییەکانی وڵات، کۆمەڵێکی تێگەیشتووی ناوچەی مەریوان و هەورامان، لەم چەند ساڵەی دواییەدا بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک، دڵسۆزانە بوونە خەمخۆری ژینگە و دارستانەکانی بەهەشتێکیتری سەرزەوی و لەم ڕێگایەدا بوێرانە تووشی کارەسات و سووتان و مەینەت و ستەمی ناڕەوا بوون و تەنانەت بۆ پارێزگاری لە دارستانەکانی نیشتمانمان باشترین ئەندامانی خۆیان لەدەستدا و خۆڕاگر بوون، تا گەیشتنە سەر لووتکە و بوونە چیایەکی سەر سەوز بۆ نیشتمان..
ئێمەش ئەم لەخۆبوردن و دڵسۆزییەیان بەرز دەنرخێنین و خزمەتەکانیان لەبەرچاو دەگرین و داربەڕووەکانی زاگرۆس دەگرینە شایەت لەسەر جوامێری و ویستیان بۆ پاراستنی ئەو ئەرکەی کە خودا لە سەرشانی تاکی کۆمەڵگە دایناوە و پشتیوانی خۆمان بۆ ئەم ڕێکخراوە ژینگە دۆستە لە هەمبەر پاراستی دارستانەکان و ژینگەی ناوچەکەمان دەرئەبڕین
1401/5/26
یەکیەتی مامۆستایانی ئایینیی مەریوان و هەورامان
@chya_ngo
2.0K views12:52