2022-08-30 23:54:38
بیرەوەری منداڵی
سڵاو هاوڕێیان
من وابزانم هەشت نۆ ساڵان بووم یا کەمتر ڕێک نازانم، ئاوی لوولەکەشی لە " سنە" نەبوو، یانیش لەوانەیە هێشتا بۆ گەڕەکی ئێمە ناتبوو. پیاوێکی ڕیش درێژی چڵکن ئاوی بۆ ئێمە دەهێنا. ( ئەو کات تایید نەبوو، ئەسپۆن کە ئاردەی دارێک بوو دەیانکردە کیسەیەکی نەخی و دەیانبەست و دەیانکردە ناو جامۆڵەیەکی ئاوەوە و دەیانشڵەقاند هەتا کەف بکات ئینجا بەو کەفە سەر و ملیان دەشۆرد. ئەوکاتە ڕشک و ئەسپێ لە خەڵکا زۆر بوو، چڵکنی زۆر سەیر و عەجیب نەبوو).
مامەی ڕەدێن درێژ، دوو دانە پووتی ڕۆنی کە بە دارێکی ئەستوونییەوە بەستبوو و بە تەناف ڕاست و چەپ پووتەکانی پێوە گرێ دابوو. دارە ئەستوونییەکەی دەخستە سەر هەر دوو شانی و ئاوی لە مزگەوت دەهێنا و ماڵەوماڵ دەیبرد و پووڵیان پێ دەدا.
خوای گەورە هەر لە منداڵییەوە باوک و دایکی لە من دوور کردبۆوە. لای دایەگەورە و خاڵەکانم دەژیام. دایە گەورەم حەفتەیەک چوو بۆ کرماشان ماڵی پوورم. لە بیرم دێ ئەو ساڵانە ١٣٤٠ لە کرماشان ڕۆژێکیان هەبوو بە ناوی دوور بێت لە خۆشەویستانی خوای مەزن " عومەر کوژان" هەڵبەت لە مێژە ئەو ڕۆژە ناحەزە هەڵپێچراوە وەک خەون و خەیاڵیک لە لام ماوە. وەویلەیەکی ناحەزیان دورست دەکرد و تێی بەردەبوون بە لێدان گوایە ئەوە ... کەسانی ئەهلی سونەت خۆیان لەو ڕۆژە دەشاردەوە و نەدەهاتنە دەرێ.
با لە کاکڵەی قسە کە دەر نەچم. لە نەبوونی دایە گەورە کە من پێم دەکوت" ئامە" ئاوی تازەمان نەبوو. خاڵم کە نوێژ خوێن بوو لە نیو سەتڵی ئاوەکە بە دەیانجار دەسنوێژی هەڵدەگرت و لەو ئاوە دیسان بۆ خواردن و چای و ... بە کارمان دێنا.
ئاخر پێی وابوو کە ئاوی دەسنوێژ قەت پیس نابێ هیچ، خێر و بەرەکەت و شیفایشی بۆ جەستە هەیە. چونکە ئیمانی بە ئاکارەکەی بوو، منیش کە منداڵێکی ناسک بووم نەخۆش نەدەکەوتم.
دایە گەورەم لەگەڵ مردووی ئێوە خوا عافووی کات، زۆر خزمەتی دەکردم و دەیلاواندم.
ئەو کات پستە، کەم بوو. دەکرایە ناو جەعبەیەکی مقەوایی لاکێش و چکۆلە. خاڵم پستەی بۆ دەکڕیم و دەیگوت: ئیسە گۆرانیم بۆ بێژە. ئەها پستەم سەند بۆت، دەی زووکە قەزات لە خاڵۆت. خوا بیبەخشێ، ئامین... منیش گۆرانی فارسێ و کوردی تێکەڵ پێکەڵم بۆی دەچڕی.
چەپکێ گوڵ و چەپکێ نێرگز
مەرگتان نەبینم هەرگیزا و هەرگیز
خاتو شیلان گەیلانی
https://t.me/kiwmars
52 viewsRa'uf Rahnemoun, 20:54