Get Mystery Box with random crypto!

#خواتان_لەگەڵ دوای دوو ساڵ سڵاو ڕێزم هەیە لە خزمەت هەموو ئەن | دەقی گۆرانی

#خواتان_لەگەڵ دوای دوو ساڵ

سڵاو ڕێزم هەیە لە خزمەت هەموو ئەندامانی کاناڵەکەمان و دەست‌خۆشیتان لێ دەکەم کە تا ئێستا لەگەڵمان هاوڕێ بوون .

دەمەوی باسی هۆکاری دامەزراندنی ئەم کاناڵە بکەم ، کە بیرۆکەی کاناڵی دەقی گۆرانی چۆن لەلامدا گەڵاڵە بوو.

من خۆم(بەڕێبوبەری کاناڵ) هەر لە مناڵیەوە عەلاقەیەکی زۆرم بە شێعر و گۆرانی کوردی بووە و هەمووکات دەردەدڵەکانم بە گۆرانی هەڵدەڕشت. شێعر و گۆرانی لە ژیانمدا وەک دوو هاوڕێن کە خەمەکانم لەگەڵیاندا ساڕێژ دەبێ.

هۆکاری یەکەمم لە دانانی ئەم کاناڵە ئەو عەلاقەیە بووە کە بە مۆسیقا و گۆرانی بووم و دەمویست وەک خزمەتێک بە مۆسیقا و گۆرانی کوردی هەموو دەقی گۆرانیەکان لە شوێنێک کۆ بکەمەوە و ئەو شێعر و گۆرانیانە کە لە ناو خەڵک خەریکن لە بیر دەچنەوە، زیندوو بکەمەوە و هەتا ئێستاش نزیکەی 700 دەقی گۆرانیم نووسیوە و کۆم کردۆتەوە.

دووەمین هۆکاریشم خزمەتێک، بە زمانی کوردی بوو، به بڕوای من نەخشێ کە گۆرانی لە زیندوو مانەوەی زمانی کوردی و شێعرە کوردیەکان بوویەتی کتێبەکان نەیان بووە؛ زۆر وشەی ڕەسەنی کوردی هەن، ئەگەر لەگەڵ گۆرانییە کۆنەکان، نەمان بیستایه ئێستە لە بیر چووبوونەوە . بێجگە لەم بوارە لەم کاناڵەدا هەوڵم داوە هەموو دەقەکان بە ڕێنووسی دروستی کوردی بنووسم تا ئەوانەی کە کوردی لە نووسین و خوێندنەوەدا بە باشی نازانن، بە گوێ‌ گرتن و تەماشای دەقی گۆرانییەکان  فێر ببن.

نزیکی دوو ساڵه کاناڵی دەقی گۆرانیم داناوە و لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا تەواوی هەوڵی خۆم داوە کە بە جوانترین شێوە ئەم ئەرکە بۆ خزمەت بە مۆسیقا و هەروەها زمانی کوردیش بە جێ بێنم. بەڵام بەڕاستی جارێک هاوڕێیەکم قسەی جوانی بۆم کرد کە: ئێمەی کورد لە جیاتی ئەو هەمووە دوای گۆرانی و شێعر کەوتووین دوای شتی تر کەوتاین ئێستا لە ئاستێکی زۆر بەرزتردا دەبووین. بەڕاسی وایە لە کوردەواریدا ئەوەندەی گۆرانی بێژەکانمان ناسراون، نیو هێندە نووسران و بیرمەندانی بوارەکانی تر نەناسراون.
لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا ئەم کاناڵە زۆر کاتی لە من  گرتووە، و لە زۆر شت خستوومیەتە دواوەوە و تەنانەت لەبەر ڕوانینی زۆر بۆ شاشەی موبایل لە سەر چاویشم کاریگەری هەبووە، خۆشحاڵم لانی کەم دەتوانم بڵێم لەم دووساڵەدا خزمەتێکم کردبێت ، بەڵام من خوێندکارم ئەگەر ئەو کاتمە بۆ خوێندن تەرخان کردایه ئیسە لە ئاستێ تر دەبووم.

دەمەوێ پێتان ڕابگەیەنم بڕیارم داوە لەمەودوا کاناڵی تێکستی گۆرانی بوەستێنم و هەر بەم جۆره جێی بێڵم
بەڵام ئارشیوی گۆرانیەکان و تێکستەکان ناسڕمەوە تا هەر لە بەردەستدا بمێنێ و کەلکی لێ وەربگیریەت.


دووبارە دەسخۆشی لە هەمووتان دەکەم کە لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا لەگەڵمان بوون. ئەم کاناڵەتان بە کەسانی تر ناساند، هەر بەم هۆیەوە لە ناخی دڵەوە داوای لێ بووردن لە هەموو ئازیزان دەکەم.

هیوای دڵخۆشی و بێخەمی بۆ هەمووتان دەخوازم، ماڵتان ئاوا و خواتان لەگەڵ.

بەڕێوبەری کاناڵ فردین قادری
 #فەردین_بێدڵ لە مەریوان

#INSTAGRAM
https://instagram.com/fardinbedll

دەقی گۆرانی
3520 ئەندام