Get Mystery Box with random crypto!

سەڵاحەدین ئەیوبی، ئەو سەرکردەی کە لە مێژووی کورد دووبارە نابێت | کردستان نامه

سەڵاحەدین ئەیوبی، ئەو سەرکردەی کە لە مێژووی کورد دووبارە نابێتەوە...

سوداد ڕەسوڵ

ئەمڕۆ کە بە ڕۆژی ساڵیادی وەفاتی سەڵاحەدین ئەیوبی دادەنرێت، کە لە ٤ ئاداری[مارس] ١١٩٣ میلادی کۆچی دوایی کردووە، و لە شام تەرمەکەی بە خاک سپێردراوە. ئەم کەسایەتییە کوردە لەماوەی سەدەی ڕابردوودا بە زۆر شێوە باسی کراوە، هەر کەس و لایەن و گروپێکی سیاسی و ئایدیۆلۆجی بەپێی پێوەری ئایدیۆلۆجی خۆی هەڵیدەسەنگێنێت. زۆربەی ئەوانەی دەرهەق بەم پیاوە گەورەیە قسە دەکەن ناتوانن بە ئینسافەوە باسی بکەن و بیخەنە چوارچێوەی مێژووی سەردەمی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لەو سەردەمە هەبووە، بۆیە زۆر جار بە ناهەق قسەی ناشیرین و هەتا ڕادەی جوێنیش بەو کەسایەتییە گەورەیە دەدرێت. ناوی سەلاحەدین ئەیوبی لای عەوامی کورد و کۆلکە خوێندەوار و نیوەڕۆشنبیر و هەندێک جار ڕۆشنبیری تەواویش..!! ناوێکە یەکسەر هێرشی دەکرێتە سەر، قسەی نابەجێی بۆ ڕیز دەکرێت: هیچی بۆ کورد نەکردووە و خزمەتی بە عەرەب و ئیسلام کردووە، دەوڵەتی کوردی دروست نەکردووە، ئاگای لە میللەتەکەی خۆی نەبووە خزمەتی بێگانەی کردووە،... تاد

ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ مێژوو و بۆ کەسێکی وەک سەلاحەدین، جارێکی دی ئەوە دەردەخات کە کورد بە چینی ڕۆشنبیرییەوە هیچ هۆشیارییەکی بە مێژوو بە گشتی و مێژووی نەتەوەکەی و مێژووی بزاڤی نەتەوایەتی کوردیش نییە. بۆ هەموو شتێک و بۆ هەموو بابەتێک خوێندنەوەیەکی ناسیۆنالیستی بێتام دەکات، یان خوێندنەوەیەکی ئایدیۆلۆجی بێ هۆشیاری و بێ پاشخانی مەعریفی، کە ئەو خوێندنەوەیە لە دەرەوەی خوێندنەوەیەکی ئەکادیمییە بۆ مێژوو و بۆ کەسایەتییەکان و دەقەکان.
ئەوەی تۆزیک لە مێژووی بزانێت، لەوە ئاگادارە کە نەتەوایەتی و کێشەی نەتەوایەتی مەسەلەیەکی تازەیە لە مێژوودا، نەتەوایەتی و دەوڵەتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ سەد ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی نەتەوایەتی بە جیهانی ئیسلام و ڕۆژهەڵاتدا بڵاو دەبێتەوە، پێش ئەم سەدەیە شتێک نەبووە پێی بگوترێ کێشەی نەتەوایەتی و دەوڵەتی نەتەوەیی. تەنانەت لە ئەوروپاش نەتەوایەتی بۆ دوو سەدە پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بۆیە پێش ئەم سەردەمە سەرکردە و ڕابەر و زانا و دانا و شاعیر و نووسەر،.. کەسایەتی سەردەمی خۆیان بوون و لە چوارچێوەی ئەو فەرهەنگ و ئەو کێشانەی لەو سەردەمە هەبوون بیریان کردووەتەوە و کاریان کردووە و نووسیویانە. ئەم دۆخە لە مێژوودا لای هەموو نەتەوەکان بە هەمان شێوە بووە، بە سەدان شاعیر و دانا و زانا هەبوون لە مێژوودا بە زمانی نەتەوەی خۆیان هیچیان نەنووسیوە و بە زمانێکی دی کە ئەوسا زمانی ئەدەبی و یان زمانی باڵادەست بووە نووسیویانە. بە سەدان سەرکردە و پیاوی مێژوو هەبوون هیچیان بۆ نەتەوە و گەلەکەیان نەکردووە، هەڵکەوتی مێژوویی وابووە و لە وڵاتێکی دی حوکمڕان بوون، بەڵام ئەو کەسایەتییانە لە مێژووی گەلەکەیان بوون بە جێگەی شانازی و ئەمڕۆ بە ڕێزەوە باسیان دەکەن و شەقام و شار و مەڵبەندی ڕۆشنبیرییان بە ناو دەکەن.

نیزامی گەنجە ئی، هیچ دەقێکی شیعری بە تورکی نییە هەمووی بە فارسییە، بەڵام ئەمڕۆ ئازەربایجان ئەوەندە شانازی پێوە دەکەن لە هەموو شارێک شەقامێک و پەیکەرێکیان بۆ دروست کردووە، گەورەترین مۆزەخانەی ئەدەبیات لە باکۆ بەناوی نیزامی کراوە.

برناد شۆ بە ئەسڵ ئێرلەندییە و هەموو نووسینەکانی بە ئینگلیزییە، بەڵام هەموو ئێرلەندییەکان شانازی پێوە دەکەن. ئادەم سمیت ئابووریناسی بەناوبانگ و خاوەن کتێبی (سامانی نەتەوەکان) بە ئەسڵ سکۆتییە و هەموو نووسینەکانی بە ئینگلیزییە، سکۆتییەکان بە هی خۆیانی دەزانن و شانازی پێوە دەکەن، کەس ناو ناتۆرەی بۆ ناکات بۆ هیچ خزمەتی بە سکۆتی نەکردووە یان بۆ بە زمانی گەیلکی سکۆتی نەنووسیوە. ئەمانە چەند نموونەیەکن، دەکرێ بە هەزاران نموونەی لەم جۆرە لە ژیانی گەلان باس بکرێ، کە ئەمە دیاردەیەکی زۆر ئاساییە و هەموو چینی ڕۆشنبیران تێگەشتنیان بۆ ئەم جۆرە دیاردەیە هەیە و کەس گلەیی ناکات و ناویان نازرێنێت، ئەمە تەنیا لە ناو کورد ئاسایی نییە و هەر شاعیرێک بە ئەسڵ کورد بوو بە کوردی نەنووسیوە یان هەر سەرکردەیەکی کورد بۆ کورد و کوردستان خەباتی نەکردووە، ناو و ناتۆرەی بۆ دەکەن و ناسنامەکەی دەشێوێنن.
@kurdistanname