Get Mystery Box with random crypto!

سەلاحەدین ئەیوبیش زادەی سەردەمی خۆیەتی کە کەسایەتییەکی کورد بو | کردستان نامه

سەلاحەدین ئەیوبیش زادەی سەردەمی خۆیەتی کە کەسایەتییەکی کورد بووە لە سەدەی دوازدەم ژیاوە و تێکەڵ بە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە بووە لە جیهانی ئیسلامدا. ئەو ژینگەیەی کە لێی لە دایک بووە تکریت بووە و لە بەعلەبەک گەورە بووە لە میسر حوکمڕان بووە و دەسەڵاتی هەبووە، لە سەدەی دوازدەم بووە، کە لەو سەردەمە هیچ کێشەیەکی نەتەوەیی لە ئارادا نەبووە، ئینتیمای گەلان و نەتەوەکان لەو سەردەمە بۆ ناسنامەی دینی بووە، گەورەترین ڕووداوی ئەو سەردەمەی جیهانی ئیسلام، هێرشی سەڵیبیەکان بووە، کە هەموو جیهانی ئیسلام بە کوردەوە دەیویست خۆی لەم هێرشانە بپارێزیت، بۆیە ئاساییە سەلاحەدین و هەر سەرکردەیەکی دیکەی موسڵمان لەو سەردەمە ئەو ڕۆلە بگێڕێت، کە بەپێی سەردەمی خۆی ڕۆلێکی گەورەی لە مێژوو گێڕاوە کە بوو بە گەورەترین شانازی بۆ مێژووی کورد و ئیسلام و هەموو مرۆڤایەتی. بوونی ئەو لە مێژووی کورد ناسنامەیەکی ئەوەندە گەورە و پڕ شانازییە کە هەموو مێژووی کورد قەرزداریەتی، کەچی نەخوێندەوارێکی کورد یان نیوە ڕۆشنبیرێکی کورد بە ناهەق ئەو پیاوە لە چوارچێوە مێژووییەکەی سەردەمی خۆی دەردێنن و خوێندنەوەیەکی کوێرانەی ناسیۆنالسیتی بۆ دەکەن. ئەم جۆرە خوێندنەوەیە پێش ئەوەی زوڵم لە سەڵاحەدین بکات زوڵمێکی گەورە لە مێژوو و خوێندنەوەی مێژوو دەکات. سەلاحەدین کەسێکی سەردەمی خۆی بووە بۆیە پێویستە لەسەردەمی خۆی ئەو کەسە بخوێنییەوە لە چوارچێوەی ئەو سەردەمە و ئەو ڕووداوانەی لەو سەردەمە هەبوون ناسنامەی پێ ببەخشی.

ئەوەی مایەی سەرنجە ئەم تێڕوانینە سەلبییەی کورد بۆ کەسایەتیی سەلاحەدین، تەنیا لە دوای سەرهەڵدانی نەتەوایەتییەوە پەیدا بووە، لە پێش نەتەوایەتی سەلاحەدین لای هەموو شاعیرانی کورد ڕێزلێگیراو بووە بە شانازییەوە باسیان کردووە.

شێخ ڕەزای تاڵەبانی لەبارەی سەڵاحەدینەوە دەڵێت:

عەرەب ئینکاری فەزڵی ئێوە ناکەم ئەفزەلن ئەمما
سەلاحەددین کە دنیای گرت لە زومرەی کوردی بابان بوو

بەڕاستی ئەم جۆرە خوێندنەوەیە بۆ مێژوو لای کورد بۆ شاعیر و ئەدیب و زانای کورد خوێندنەوەیەکە پڕە لە ئیشکالیەت، و لە هەمان کاتدا ناهۆشیاری چینی ڕۆشنبیری کورد دەردەخات کە لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە هێشتا کامڵ نەبووە و وەک هەرزەکارێک مامەڵە لەگەڵ مێژوو و ڕووداوەکان و کەسایەتییەکان دەکات.

من لێرە نامەوی ئەم ڕوونکردنەوەیە درێژ بکەمەوە، چونکە ئەم باسە زۆر ئاو هەڵدەگرێ، تەنیا دەمەوێ لێرە قسەی نووسەرێکی ئەمەریکی لەبارەی ئەو پیاوە گەورە بێنمەوە، بۆ ئەوەی ئەو کەسانە بزانن کەسایەتیی سەلاحەدین لە چ ئاستێکدایە، مێژووناسێکی ئەمەریکی چۆن لێی دەروانێ و کۆلکە خوێندەوار و نیوە ڕۆشنبیرێکی کوردیش چۆن لێی دەڕوانێ. لاوران پەینLauran Paine نووسەری ئەمەریکی لە کتێبێکی بەناوی ( سەڵاحەدین، پیاوی هەموو سەردەمێک Saladin, A Man For All Ages) بەم شێوەیە وەسفی سەڵاحەدین دەکات:

" مێژوو زۆر کەم پیاوی وەک سەڵاحەدینی بەرهەم هێناوە. لە سەردەمی ئەو لە ئەوروپا، هیچ سەرۆک و پاشا و ئیمپراتۆرێک نەبووە وەک سەڵاحەدین بێت. تەنانەت ئیسلام، لە دوای مردنی سەڵاحەدینەوە هەتا ئێستا پیاوێکی دیکەی وەک ئەوی بەرهەم نەهێناوەتەوە"
@kurdistanname