2021-07-12 23:15:32
له ماڵه‌كانماندا…
قاسملوو
جوانترین دره‌ختی حه‌وشه‌یه و
نازدارترین گوڵدان و ئینجانه‌یه و
پاكترین شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌یه و
یه‌كه‌مین ڕه‌فه‌ی كتێبخانه‌یه و
قوڵینه‌ی نانه و
قه‌ڵه‌م دانه و په‌رداخه و
گڕوگاڵی منداڵه‌كانمانه … قاسملوو!
هه‌موو ساڵێ له‌م رۆژه‌دا
ئه‌گه‌ڕێته‌وه ژووره‌كانمان
ئه‌بێته‌وه به هه‌تاوی به‌ر هه‌یوان
به په‌پووله پاییزه و
دێته‌وه سه‌ر پێخه‌فه‌كانمان
وه‌لێ كه دێته‌وه به ده‌ستی به‌تاڵ
نایه‌ته‌وه قاسملوو
ئه‌و له‌گه‌ڵ خۆیدا به باوه‌ش تریفه دێنێته‌وه
شیعری سه‌وز به ده‌سته‌وه و
سنگی ئه‌بێته پووره هه‌نگ و
هه‌نگوین له قسه‌یدا و به‌سه‌ر هه‌ژاراندا
ماڵ به ماڵ ئه‌یبه‌خشێته‌وه
ئه‌و هه‌روا خۆی ته‌نیا ناگه‌ڕێته‌وه
به ئاوه‌ڵی شه‌فه‌ق نه‌بێ ناگه‌ڕێته‌وه
له‌گه‌ڵ نه‌وڕه‌سی سپی‌دا نه‌بێ ناگه‌ڕێته‌وه.
له‌گه‌ڵ هۆره‌ی دوا شههیدا نه‌بێ ناگه‌ڕێته‌وه.
ئه‌و هه‌روا ته‌نیا خۆی ناگه‌ڕێته‌وه.
@sherkooFayagh
973 views20:15