2021-03-05 00:27:42
مانگ و زەریا
زووتر زووتر ئەم مانگە نا مانگێکیتر
هەبوو جوانتر
دەموو چاوی یەکجار گەشتر
ئاو شێتی بوو ئاو شەیدای بوو
هەموو شەوێ لە کەنارا
ئەهات ئەچوو بە تەمای بوو
بەڵام مانگ لەو لووتەلا بوو
زەریا ویستی بە فێڵ بیگرێ
شەپۆل هەر چەندە خۆی هەڵبڕی
دەمی نەگەیشتە ڕوومەتی
مانگ بە ئانقەست نازی ئەکرد
بۆ چاوشارکێ لە ناو چوخمەکانی
هەورا خۆی ون ئەکرد
هەتا جارێ بەسەفەرێ کۆچی کرد بۆ بیابان
تا چەند شەوێ نەهاتەوە
کە هاتەوە تەپوتۆزی خۆڵی قاقڕ
لە دەم و چاوی نیشتبوو
تریفەی قژی خۆڵاوی
پۆشاکی زێوینی بەری گەرد لێ نیشتبوو
ئەو کاتەی مانگ گەڕایەوە ئاو نوستبوو
مانگ بڕیاری دا خۆی بشوا
بە پەلە پەل جلەکانی بەری داکەند و
ڕوەو زەریا هەنگاوی نا شڵەژا بوو
مانگ پێی لەسەر بەردێ دانا بەرد زۆر لوس بو
شڵپەیەک هات مانگ خلیسکا مانگ نقوم بو
زەریا وەک شێت و هار هەستا
بۆ مانگ گەڕا سەری کرد و خواری کرد و
دەستی بە ناو بنیا گێڕا
هەر چوە سەر هەر هاتە خوار
مانگ هەر نەبوو، لەوشەوەوە
هەڵچون و داچونی زەریا لە دایک بو
"شێرکۆ بێکەس"
@sherkooFayagh
3.5K views21:27