2023-05-13 13:48:15
ڕێکخراوى لێبوردنی نێودەوڵەتی: پێویستە خامنەیی دەستبەجێ سزای لەسێدارەدانی شەش زیندانیی ئەهوازی عەرەب هەڵبوەشێنێتەوە
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و هۆشداریی ئەگەرى لەسێدارەدانی ٦ زیندانیی ئەهوازی عەرەبی دا و داوای لە خامنەیی تاوانبار کرد، دەستبەجێ حوکمی ئەو زیندانیانە هەڵبوەشێنێتەوە و ئازادیان بکات.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نووسیویەتی: ئێمە لەڕادەبەدەر نیگەرانین لەوەی کە ٦ زیندانی لە گەلى عەرەبی ئەهوازی، بە ناوەکانى عەلی مەجدەم، موعین خەنفەری، محەمەدڕەزا موقەدەم، سالم موسەوی، عەدنان قابیشاوی و حەبیب دریس، مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە زیادی کرد: دادگاییکردنی ئەم گرووپە لە ڕادەبەدەر نادادپەروەرانە بوو. تەنانەت لە کاتی دادگاییکردنەکەدا ڕێگەیان پێ نەدراوە چاویان بە پارێزەرەکانیان بکەوێت. تا ئێستا دەسەڵات کۆپی بڕیارەکەیانی پێ نەداون. دادگای ئینقلاب "ددانپێدانانى ساختەى بە ئەشکەنجەخ بە کار هێناوە بۆ ئەوەی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەربکات.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی لێبوردنی نێودەوڵەتی، بەکرێگیراوانى سوپای پاسداران لە حەبیب دریسیان داوە و ڕێگەیان نەداوە خەوی لێ بکەوێت و تەزووی کارەبایان لە سەری پەنجە و سنگی داوە و سەریان خستووەتە نێو سەتڵى بەفراوەوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە وەسفکردنی ئەشکەنجەکانی حەبیب دریس ڕایگەیاندووە؛ ئەفسەرانی سوپای پاسداران حەبیب دریسیان بە مێزێکەوە بەستووەتەوە و خاولییەکی تەڕیان بەسەر دەموچاویدا داوە و بە ڕشتنی ئاو لەسەر خاولییەکە هەوڵى خنکاندنیان داوە. هێندە لێیان داوە کە جەستەی پڕ بوو لە خوێن و شین بووەتەوە و پێستیان دادڕاندووە.
هەروەها بەکرێگیراوانى سوپای پاسداران لە کاتی لێدان و قامچی لێدان تەزووی کارەباشیان لە موعین خەنفەری داوە و لە حاڵەتێکی سترێسی ئازاربەخش بەستوویانەتەوە.
ڕێکخراوەکە سەبارەت بە ئەشکەنجەکانی عەلی مەجدەم دەڵێت: بەکرێگیراوانى سوپاى پاسداران بە بەستنەوەى چاوەکانی عەلی موجدەم و بە کارەبا ئەشکەنجەیان داوە، سیمى کارەبایان لە گوێکانى داوە وایەرەکان بە گوێچکەکانیەوە بەسترابووەوە و هەر بە چاوبەستراوی دەستیان خستووەتە سەر شاشەیەک و پێیان گوتووە پەنجەکانی بیجوڵێنێت، بەمەش تەزووی کارەبا و شۆکیان لە جەستەی داوە.
هەروەها بەکرێگیراوانی سوپای پاسداران هاوسەر و منداڵە بچووکەکەی عەلی موجدەمیان دەستگیر کردووە بۆ ئەوەی ناچاری بکەن "ددانپێدانان" بە هەر شتێک کە ئەوان دەیانهەوێت لەبەردەم کامێرادا بنێت تا دواتر "ددانپێدانانە زۆرەملێ و ساختەکان" لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتیدا بڵاو بکەنەوە بۆ ئەوەى مەشرووعیەت ببەخشنە لەسێدارەدان و گرتن و کوشتنى خەڵکى ئازادیخواز.
٢٤١ ڕۆژ ڕاپەڕین
ئاڤاتودەی ـ شەممە ـ ٢٣ى بانەمەڕ
https://t.me/avatodaykurdi/103873١٤٠٢
@avatodaykurdi
438 views10:48