2021-10-28 08:10:47
کە تۆم بینی، دڵم تۆرا لە خۆشم
لە خۆڕا باوەڕم وابوو نەخۆشم
بە زۆر کێشی دەکردم بۆ پەسیوێک
لە مێشکمدا قەتیس بوون بیر و هۆشم
خەمۆکی دەرکی هیوای گرتبوو لێم
بە ڕۆژ کاس و بە شەو نامۆ لە وێشم
لە گەڵ ئاکاری ڕۆژانەی ژیانم ؛
ببووی ئاوێتە ،هاودەم بۆ شەوێشم
من و خۆم ودڵم هاتینە سەر هێڵ
ئەوان سەرسام و من هێشتا پەرۆشم
لە سەر خاڵێکی هاوبەش کۆکی کۆکین؛
تەنیویە خۆشەویستیت تان و پۆشم
ئەوینت بەختە بارانێکی سەر شێت
بەرامەی مەستی کردووم ، خۆشی خۆشم
خەمی ئەو نیشتمانە ڕۆحی کوشتووم
گەلێ بێ ئۆقرە بۆ ئامێزی تۆشم
وەکوو کۆترێکی بێ جووتی تەریک وام
لە چاوم ون ببی داییم نەخۆشم
لوقمان پیربادینی
331 views05:10